حاکم قادر دەڵێت؛ “پێویستە ئەو بودجە سێ ساڵییەی عێراق كە لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت بەپێی ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم و بەغدا بێت و لە بەژەوەندی هاوڵاتیانی عێراق و ھەرێمی كوردستان دابڕێژرێتەوە.”
لە میانی بەشداریکردنیدا لە سیمینارێکی یاسایی، کە بۆ ژمارەیەک لە خوێندکارو یاساناس و ماف پەروەران رێكخرابوو، حاکم قادر حەمەجان ئەندامی ئەنجومەنی باڵای و بەرژەوەندییە سیاسیەكانی یەكێتی، وتارێکی پێشکەشکردو ڕایگەیاند “پێویستە سەروەری یاسا بەكردەوە جێبەجێی بكرێ و دوور لەهەموو دەستێوەردانێک و پەرەپێدانی توانای یاساناسان و بڵاوكردنەوەی هۆشیاری یاسایی لەناو خەڵكدا ئەركێكی گرنگەو سەرەڕای ئەوەش رۆڵی دەبێت لە چەسپاندن و سەروەربوونی یاسادا لە ھەرێمەكەمان.”
وتیشی، “هەرێمی کوردستان هەرێمێکی دەستوورییە و دەبێت پارێزگاری لێ بکرێت، هەروەها هەوڵی بەرەوپێش بردنی بدرێت، چونکە لاوازبوونی هەرێم، زیان بەتەواوی گەلی كوردستان و پرسی نەتەوەیمان دەگەیەنێت.”
لە درێژەی وتارەكەیدا حاكم قادر باسی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان کردو جەختی لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن کردەوە لەم ساڵدا و ئاماژەی بۆ ئەوەكرد، “ھەڵبژاردن پرۆسەیەکی دیموکراسی گرنگە و پێویستە هەڵبژارنێکی دوور لە دەستوەردان و بێگەرد بێت و پرۆسەی دیموکراسیش مانای ئەوە نییە بە دڵی حزبەکان بێت، کورتهێنانیش لە کورسییەکانی پەرلەمان بۆ هەر حزبێک مانای کۆتایی دونیا نییە.”
لەبارەی ئەو قەیرانانەی رووبەڕووی ھەرێمی كوردستان بۆتەوە حاكم قادر ھێمای بۆ ئەوەكرد، “دەبێت ھەمومان دژی نەخۆشییەکە بین نەک نەخۆشەکە، بۆیە ئەرکی هەموومانە دامەزراوەکانمان بکەین بە دامەزراوەی نیشتمانی سەردەمیانە، ئەگەر نەکرێ زیانی زیاتر دەکەین وەک هەرێمی کوردستان و گەلی کوردستانیش، بۆیە گرنگە لۆژیکی عەقڵ و حکومڕانی سەردەمیانە جێگەی لۆژیکی هێز بگرێتەوە.”
لە كۆتایی وتارەكەیدا حاكم قادر لەبارەی بودجەی عێراقەوە ئەوەی دووپاتكردەووە، “پشکی ھەرێمی کوردستان لە پرۆژەیاسایی بودجەدا دەبێت لەسەر بنەمای ئەو ڕێککەوتنانە بێت کە لە نێوان حکومەتی هەرێم و بەغدادا ئەنجامدراوە، ھەروەھا پێویستە ئەو بودجە سێ ساڵییەی عێراق كە لە ئەنجومەنی نوێنەرانەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت بەپێی ڕێککەوتنی حکومەتی هەرێم و بەغدا بێت و لە بەژەوەندی هاوڵاتیانی عێراق و ھەرێمی كوردستان دابڕێژرێت لەپێناو چەسپاندنی دادپەروەری کۆمەڵایەتیدا.”