کامەران عەبدولا بەڕێوەبەری كشتوكاڵی خانەقین سەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، قەبارەی بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ لە شارۆچكەی خانەقین گەیشتۆتەنزیکەی 20 هەزار تۆن کەبەرهەمی 17 هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵییە، لەوكاتەوەی وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕی 3600 تۆنی دیاری كردووە، كە لە جووتیارانی ناوچەكەی وەربگیرێت کە ئەم برەش زۆر کەمە جوتیاران سەریانکردۆتە بازاڕی ناوخۆ.
ڕاشیگەیاند بەو هۆیەوە زیانی زۆری دارایی بەر جووتیارانی خانەقین كەوتووە، چونكە زۆرینەی جووتیاران بەو هۆیەوە بەناچاری گەنمەكانیان لە بازاڕ بە نرخێكی هەرزانتر لەوەی حكوومەت وەری دەگرێت دەفرۆشنەوە، نرخی كڕینی تۆنێك گەنم لەلایەن حكوومەتەوە 850 هەزار دینار ە بەڵام لە بازاڕ لە نێوان 600 بۆ 700 هەزار دینارە.
ئەوەی لە خانەقین هەیە، جووتیارانی پارێزگاكانی هەرێمی كوردستانیش بەدەستییەوە دەناڵێنن، چونکە وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕی 500 هەزار تۆن گەنمی بۆ هەموو ناوچەكانی هەرێم دیاری كردووە بیكڕێتەوە و بەرهەمی ناوخۆی گەنمیش زۆر لەوە زیاترە.
لەدوای هێرشە سەربازییەكەی رووسیا بۆ سەر ئۆكرانیا ، مەترسییەكی گەورە لەسەر دەستكەوتنی گەنمی پێویست لە لایەن زۆرینەی وڵاتانی دنیا سەری هەڵدا، ئەمەش بەهۆیی ئەوەی بەشێكی زۆری گەنم لەو دوو وڵاتە بەرهەم دێت، ئەوەش وای كرد عێراق جیا لە كڕینی گەنم زیاترهانی جووتیاران بدات بۆ چاندنی گەنم، ئێستاش كە كاتی كڕینەوەی گەنمی جووتیارانە، جیاوازی و ناوچەگەرایی لە وەرگرتنی گەنمەكە دەکرێت