ئەمڕۆ دوشەممە ٥/٦/٢٠٢٣ دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەیاوەری بریکاری وەزیر بۆ رێگاوبان و ژمارەیەک لە ڕاوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکان، پڕۆژەی چاککردنەوەو قیرتاوکردنی رێگای دۆڵی بالیسانی بەسەرکردەوە بەمەبەستی لەنزیکەوە ئاگاداربون لە چۆنێتی بەڕێوەچونی کارەکان و ئەنجامدانی پڕۆژەکە.
پڕۆژەکە بریتییە لە نۆژەنکردنەوەو قیرتاوکردنی رێگای دۆڵی بالیسان لەسێ ڕیانی زینەتیر تاوەکو شکارتە بە درێژایی ٢٣ کم و بە بودجەی زیاتر لە حەوت ملیار دینار،پێشتر بەھۆی وەرزی زستان و دواتریش نەبونی نەختینە پڕۆژەکە وەستابو، لەئێستادا کارکردن لە پڕۆژەکە دەستی پێکردوەتەوە.
پڕۆژەکە دەکەوێتە نێوان سەروچاوە خەلیفان و ھەردو ئیدارەی سەربەخۆی ڕاپەرین و سۆران، بەپڕۆژەیەکی گرنگ و ستراتیژی دادەنرێت ، جگەلەوەی ھەردو پارێزگای سلێمانی و ھەولێر پێکەوە دەبەستێتەوەو بە ڕێگایەکی بازرگانی دادەنرێت و پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی ڕاپەڕین دەبەستێتەوە بە رێگای ھامڵتۆن و مەرزی حاجی ئۆمەران.