بەشێک لە پەرلەمانتارانی عێراق لەهەوڵی کۆکردەنەوەی واژۆن بۆ دەنگدان و پەسەند کردنی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2023-2024-2025 ،هاوکات بە نوسراوێکی فەرمی سەرجەم ئەندامانی پەرلەمانیان ئاگادار کردۆتەوە بۆ ناونوسین و واژۆکردنی بەیاننامەکەیان و داوا لەسەرۆکایەتی پەرلەمانی عێراق دەکەن بەزوترین کات دانیشتنی یاسایی پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر بودجە ڕێکبخرێت و پرۆژە یاسای بودجە ڕەوانەی ئەنجومەنی وەزیران بکرێت .
تێپەڕاندنی پرۆژە یاسای بودجەی عێراق لە پەرلەمان هەنگاوێکی گرنگە بۆ عێراق و لەهەمانکاتیشدا بۆ هەرێمی کوردستان ، چونکە کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر ناردنی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان و دابەشکردنی موچە لەهەرێمی کوردستاندا .
ئەمە لە کاتێکدایە، کە یوسف کیللابی، ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق، بە کەناڵی سومەریە نیوزی رایگەیاندووە، ” لیژنەی دارایی پەرلەمان بەردەوامە لە گفتوگۆکانی و سبەینێ دوایین سەرنجەکان لەسەر رەشنوسی یاساکە تاوتوێ دەکرێت و گۆڕانکاریەکان بە کۆتا دەگەن، لەگەڵ سەرۆکایەتی پەڕلەمانیش لە پەیوەندیداین بۆ دیاریکردنی وادەی دانیشتن بۆ پەسەندکردنی یاسای بودجە”.