حکوومەتی پورتوگال ڕایگەیاند؛ لە ئەمڕۆوە ١٠٠ کۆمپانیای کەرتە جیاوازەکان دەست دەکەن بە کەمکردنەوەی رۆژەکانی کارکردن بۆ چوار رۆژ لە هەفتەیەکدا.
وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی پورتوگال، ئانا مەندەس گۆدینهۆ رایگەیاندووە؛ بەپێی بڕیارنامەی کارلەسەر کراوەلە ٥ی حوزەیرانەوە، لەمەودوا ١٠٠ کۆمپانیای کەرتە جیاوازەکان بەم جۆرە کار دەکەن بەبێ ئەوەی کاریگەری بکاتە سەر مووچەی کارمەند و کرێکاران.
بەپێی داتاکانی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی پورتوگال ١٠٠ کۆمپانیا بەشداری دەکەن لەوەدا کە کاتژمێرەکانی کارکردن لە ٤٠ کاتژمێرەوە کەم دەکرێنەوە بۆ ٣٢ کاتژمێر لە هەفتەیەکدا و بەرنامەکە بە تێکڕایی ٣٥٠ هەزار یۆرۆی پێویستە کە لەلایەن ئەنیستیتوی پەروەردەی پیشەیی و رەخساندنی هەلی کارەوە دابین دەکرێت.
حکوومەتی پورتوگال کۆمپانیاکان و کارمەند و کرێکارەکانیان سەرپشک دەکات لە بەشداریکردن لەو بەرنامەیەدا و لە بەرامبەردا هیچ جۆرە ئیمتیازاتێکیان پێ نادات و لە رووی داراییەوە هاوکارییان ناکات.