حاجی مەسیفی؛ نازانین کێ لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی کوژرانی هاوکار جاف کردووە



ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی دەڵێت؛ دەرکردنی بڕیاری لە سێدارەدان بۆ فەرماندەی گشتی دژەتیرۆری یەکێتی لەلایەن دادگای هەولێرەوە کارێکی باش نەبووە

حاجی مەسیفی، ئەندامی سەرکرادایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، بۆ بە دەنگی ئەمەریکاوتوویەتی؛ بڕیاری لە سێدارەدان بۆ فەرماندەی گشتی دژەتیرۆری یەکێتی، جارێکی تر خەڵکی توشی دڵەڕاوکێ کردووەتەوە و ئەو ئومێدانەشی لەباربرد، بۆ باشبوونی دۆخی هەرێم و پێدەچێت دۆخەکە ئاڵۆز ببێتەوە.

 

پاجی مەسیفی دەڵێت؛ ئێمە لەگەڵ یاساین، بەڵام نازانین کێ لێکۆڵینەوەی لە دۆسیەی کوژرانی هاوکار جاف کردووە کە ئەفسەرێکی یەکێتی بووە، تاکلایەنە لێکۆڵینەوە کراوە و بڕیارەکە دەرکراوە، کێشەش بەو شێوەیە چارەسەر ناکرێت.

 

بە وتەی مەسیفی، هەر بڕیارێک لەسەر بنەمای باتڵ بدرێت گونجاو نییە، تاکلایەنە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی هاوکار جاف کراوە و ئێمە بڕوامان پێی نەبووە، با پێکەوە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە دروست بکەین، دواتر دادگا هەر بڕیارێکی دا با بیدات.

 

رۆژی ٧ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢ لە گەڕەکی سەربەستی شاری هەولێر، دوو بۆمبی لکێنراو بە ئۆتۆمبێلێکدا تەقییەوە و لە ئەنجامدا عەقید هاوکار جاف کە ئەفسەرێکی پێشووی دژە تیرۆری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو گیانی لەدەستدا و ژن و منداڵەکەشی کە سەرنشینی هەمان ئۆتۆمبێل بوون لە رووداوەکە رزگاریان بوو.

 

لەمبارەیەو و دوای بڕیاری دادگا، محەمەد جاف برای عەقید هاوکار جاف لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا وتی: “رۆژی یەکشەممە ٤ – ٦ – ٢٠٢٣ دادگای ھەولێر لەسەر دۆسیەی عەقید ھاوکار جاف، حوکمی غیابیی لەسێدارەدانی بۆ شەش کەس دەرکرد و، بڕیارە ھەشتی ئەم مانگەش ئەوانەی دیکە سزا بدرێن کە تێوەگلاون لە دۆسیەکەدا”.

 

محەمەد جاف وتیشی: “شەش کەس سزای لەسێدارەدانییان بۆ دەرچووە، ئەو شەش کەسە جێبەجێکاری راستەوخۆی پلانی تیرۆرکردنەکە بوون، هاوکات رۆژی هەشتی ئەم مانگەش ئەوانەی دیکە سزا دەدرێن کە چاودێری و بەدواداچوونیان بۆ پلانەکە کردووە”.

 

جێی ئاماژەیە پێنج رۆژ دوای رووداوەکە و رۆژی ١٢ی تشرینی یەکەم، ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان لە تۆمارێکی ڤیدیۆیدا دانپێدانانی شەش کەسی بڵاوکردەوە کە تۆمەتبار کرابوون بە تیرۆرکردنی عەقید ھاوکار جاف.

 

بە پێی راگەیەندراوی ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان، ئەو کەسانەی کە تاوانبارن بە کوشتنی عەقید هاوکار جاف، بریتیین لە، بەڕێوەبەری گشتی دژە تیرۆری سلێمانی، وەهاب مەجید باقی (وەهاب هەڵەبجەیی)، بەرپرسی هەواڵگریی دژە تیرۆری سلێمانی، کارزان محەمەد رەشید، هەروەها هەریەک لە وریا خالید عەلی، لەشکر محەمەد حەسەن و عاسی رەشید حوسێن ئەفسەر لە دژە تیرۆری سلێمانی و فەرماندەی فەوجی دژەتیرۆری سلێمانی لە گەرمیان، لوئەی محەممەد رەزا.

 

ئامارەکانی ماددەی هۆشبەری عێراق مەترسیدارن
پێشت ئامارەکانی ماددەی هۆشبەری عێراق مەترسیدارن
هاوسه‌رۆكانی هه‌ده‌په‌ دەستبەرداری پۆستەکانیان بوون
دواتر هاوسه‌رۆكانی هه‌ده‌په‌ دەستبەرداری پۆستەکانیان بوون
ەیوەندیدار