وەزارەتی شارەوانی حكومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، لە ماوەی تەنیا یەك مانگدا، تیمەكانی سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی سلێمانی بڕی ٥٧ هەزار مەتر دووجا قیرتاویان لە شەقام و كۆڵانەكانی شاری سلێمانی كردووە و پڕۆسەی قیرتاوكردنیش بەردەوام دەبێت.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەكارهێنانی ئەو بڕە قیرە بۆ قیرتاوكردنی شەقام لە فولكەی ئاسۆی دەلاك و ژمارەیەك كۆڵان و شەقامی تر لە نزیك مزگەوتی ڕەشید و بنكەی پۆلیسی ڕزگاری لە سەهۆڵەكە و قیرتاوكردنی چەند كۆڵانێكی تر لە گەڕەكەكانی شارەكە قیرتاوكراونەتەوە.
ڕاشیگەیاندووە، بە گشتی نزیكەی ٥٧ هەزار مەتر دووجا قیر لە ماوەی مانگی ئایاردا بەكارهێنراوە.
ڕوونیشی كردۆتەوە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ڕەزامەندی نیشاندا لەسەر خەرجكردنی گوژمەی زیاتر لە چوار ملیار و 644 ملیۆن دیناری بۆ پرۆژەكانی شاری سلێمانی بە مەبەستی جێبەجێكردنی ژمارەیەك پڕۆژەی كردنەوەی شەقام و كۆنكرێت كردن و دروستكردن و درێژكردنەوەی تۆڕی ئاوەڕۆ و گەیاندنی خزمەتگوزاری و قیرتاوكردنی شەقامەكان و دابینكردنی قیری شل و سووتەمەنی بۆ گارگەی قیری تانجەڕۆ، لەگەڵ چەند بوارێكی تری خزمەتگوزاری لە شاری سلێمانی.