جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت؛ خۆشحاڵم کە چاکسازیمان لە پرۆسەی تۆماری کۆمپانیا لە هەرێمی کوردستان بەسەرکەوتوویی تەواو کرد.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند؛ سیستمی نوێی ئۆنلاین و گۆڕانکاری لە یاسا و ڕێنمایی و پرۆسەکان؛ هەلێک بۆ بازرگانان و خاون کار دەڕەخسێنن کە لە ماوەی تەنها یەک ڕۆژدا کۆمپانیای خۆیان تۆمار بکەن، بە تێچوویەکی کەم و یەک سەردان.
دەشڵێت؛ ئەم پڕۆسەیەمان بەهاوبەشی لەگەڵ بەڕێزان لە نوسینگەی سەرۆک وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکان جێبەجێکرد و هەنگاوێکی گەورەیە بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی تایبەت، کە یەکێکە لە ئەولەویاتی کارەکانمان لە حکومەت و یارمەتیدەریش دەبێت بۆ ڕەخساندنی هەلی کاری زیاتر.
تاڵەبانی دەشڵێت؛ بەڵێنمان دا کە کارئاسانی لە دامەزراندنی کۆمپانیاکان بکەین و ئەمڕۆ جێبەجێمان کرد.
ئەمڕۆ یەک شەممە، ٤ – ٦ – ٢٠٢٣، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، بە ئامانجی ئاسانکارى و کەمکردنەوەى بارگرانیى دارایی و خێرایی لە ڕاییکردنى کارەکان، پڕۆسەی تۆمارکردنی دامەزراوە بازرگانییەکان بە دیجیتاڵی دەکرێن و لەمەودوا هاووڵاتییان دەتوانن لە ڕێگەى پۆرتاڵێکی ئۆنلاینەوە (business.digital.gov.krd) داواکاری پێشکەش بکەن.
لە ڕێگەی ئەم سیستمە نوێیەوە، لە هەر کات و شوێنێک بێت، دەتوانن بە ئاسانی و خێرایی و پارێزراوی، داواکاراییەكانی تایبەت بە تۆمارە بازرگانییەکانیان پێشکەش بکەن، بەمەش “ژمارەى یەکەی بێهاوتا” دەدرێتە هەر کۆمپانیایەکى تۆمارکراو تا بە ئاسانى سوود لە خزمەتگوزارییەکانی دیکەى حکومەت ببینن.