قوربانیانی ڕووداوەکەی هیندستان ٣٠٠ کەسی تێپەڕاند



هیندستان کۆتایی بە هەوڵەکانی ڕزگارکردن لەرووداوی پێکدادانی دووشەمەندەفەر هێنا و ژمارەی گیانلەدەستداوانیش ٣٠٠ کەسی تێپەڕاند.

 

بەرپرسانی هیندستان ئەمڕۆ یەکشەممە ٤ -٦ – ٢٠٢٣، ڕایانگەیاند، لەگەڵ تەواوبوونی کارەکانی ڕزگارکردن، دەسەڵاتدارانی هیندستان دەستیانکردووە بە پاککردنەوەی پاشماوەی دوو شەمەندەفەری نەفەر هەڵگر کە لە ڕێڕەوی خۆیان لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە دەرچوون و بەهۆیەوە زیاتر لە ٣٠٠ کەس گیانیان لەدەستداوە و سەدان کەسیش برینداربوون، کە ئەم رووداوە یەکێک لە کوشندەترین ڕووداوەکانی هێڵی ئاسنی هیندستانە لە ماوەی دە ساڵی ڕابردوودا.

 

لێکۆڵەران بەدواداچوون بۆ هۆکارەکانی ڕووداوەکە دەکەن، کە شەوی هەینی ڕابردوو، لە ناوچەی بالاسۆر لە ڕۆژهەڵاتی ویلایەتی ئۆدیشا ڕوویدا.

 

ڕووداوەکە لە کاتێکدا ڕوویدا کە سەرۆکوەزیرانی هیندستان نارێندرا مودی سەرنجی لەسەر مۆدێرنکردنی تۆڕی شەمەندەفەری وڵاتەکەی بوو کە بۆ سەردەمی بەریتانیا دەگەڕێتەوە لەو وڵاتەی کە بووەتە پڕ دانیشتووترین وڵاتی جیهان کە ژمارەی دانیشتووانی یەک ملیار و ٤٢ ملیۆن کەسە.

 

لە یەکێک لە سەخترین ڕووداوەکانی شەمەندەفەر لە هیندستان، پێشتر و لە ساڵی ١٩٩٥ دا، دوو شەمەندەفەر لە نزیک نیودەلهی پێکیاندادا و ٣٥٨ کەس گیانیان لەدەستدا.

 

لە ساڵی ٢٠١٦شدا، شەمەندەفەرێکی نەفەر هەڵگر لە نێوان شارەکانی ئیندۆر و پاتنا لە ڕێڕەو دەرچوو و بەهۆیەوە ١٤٦ کەس گیانیان لەدەستدا.

 

زۆربەی ڕووداوەکانی شەمەندەفەر لە هیندستان هۆکاری هەڵەی مرۆڤ یان ئامێرە بەسەرچووەکانی ئاماژەدانن.

 

جێی باسە، ڕۆژانە زیاتر لە ١٢ ملیۆن کەس لە سەرانسەری هیندستان ١٤ هەزار شەمەندەفەر بەکاردەهێنن و لەسەر ڕێڕەوی ٦٤ هەزار کیلۆمەتر گەشت دەکەن.

مووچە هات
پێشت مووچە هات
هاوردەی بەروبوومی کشتووکاڵی ئێرانی بۆ عێراق قەدەغەکرا
دواتر هاوردەی بەروبوومی کشتووکاڵی ئێرانی بۆ عێراق قەدەغەکرا
ەیوەندیدار