كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق كاتی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت، پسوولەی بایۆمەتری بۆ دەنگدان پشتی پێدەبەسترێت، جیا لە سیستەمی ئەلیكترۆنی، بە دەستیش دەنگەكان دەژمێردرێن.
جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە ئاژانسی فەرمی (العراقیە)ی ڕاگەیاندووە، كۆمیسیۆن ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان دەكات، كە بڕیارە لە كۆتایی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت و بۆ ئەوەش دەستیان كردووە بە نوێكردنەوەی ناوی دەنگدەران.
ڕاشیگەیاندووە، وەك ئامادەكاری بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان، عەباس فەتلاوی، سەرۆكی فەرمانگەی هەڵبژاردن فەرمانی كردووە بە دروستكردنی لیژنەی تایبەتمەند بۆ دیاریكردنی تێچوو، فەرمانبەرانی سەر سندوقی دەنگدان و تەواوی پێداویستییەكانی دیكە، جیا لە لیژنەی ناوبژیكارانیش.
وتوشیەتی، “بەگوێرەی سێیەم هەمواری یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی پارێزگا و قەزاكان، پسوولەی بایۆمەتری بۆ دەنگدان پشتی پێدەبەسترێت، جیا لە سیستەمی ئەلیكترۆنی، بە دەستیش دەنگەكان دەژمێردرێن.
دەشڵێت: “ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بودجەی پێویستی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پارێزگاكان دابین دەكات، وێڕای ئاسانكاریكردن لە بوارەكانی ئەمنی، ئیداری و لۆجستی، بۆ پشتگیریكردن لە بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن”.