سەرپەرشتیاری مەكتەبی سكرتاریەتی مام جەلال ڕایدەگەیەنێت، لەڕووی ئابوورییەوە لەگەڵ عێراق بین داهاتوومان مسۆگەر دەبێت و دەشڵێت: “بەسەركردایەتی بافڵ تاڵەبانی جارێكی تر هیوا دەگەڕێنينەوە بۆ خەڵك”.
بەبۆنەی ساڵیادی دامەزرانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانەوە ئەمڕۆ 1ی حوزەیران، لە بارەگای مەكتەبی ئەو حزبە لە هەولێر، ڕێوڕەسمێك بە ئامادەبوونی نوێنەری حزب و لایەنە سیاسییەكان و كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان و پەرلەمانتاران و بەرپرسیانی حزبی و حكومی ئەنجام درا.
قوباد تاڵەبانی، سەرپەرشتیاری مەكتەبی سكرتاریەتی مام جەلال لە وتارێكدا ئاماژەی بەوەكرد، “یەكێتی لە قۆناغێكی پڕنائومێدی دروست بووە و دامەزراندنی یەكێتی هیوای گەڕاندەوە بۆ خەڵكی، بۆیە ئەمڕۆش بە سەركردایەتی كاك بافڵ جارێكی تر هیوا دەگەڕێنینەوە بۆ خەڵك”.
وتيشى، “ئەمرۆ وەک ساڵی ١٩٧٥ کوردستان پڕ بووە لەبێ ھیوایی، دابەشبونی ناوخۆیی لەھەموو شوێنێک ھەیە”.
ڕاشیگەیاند، پێویستە كوردستان باشتر بێت و یەكێتی نەك ئاشتی و دیموكراسی و مافی مرۆڤ نوێدەكاتەوە، هەوڵدەدات كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكات ووتیشی، “دەستی برایەتی بۆ هەموو خوشك و برایانمان لە حزبەكان درێژ دەكەین و سیاسەتی قۆڵبادان دەبێتەهۆی شكستی بەكۆمەڵ”.
قوباد تاڵەبانی وتیشی، “پێمانوایە لەڕووی ئابوورییەوە لەگەڵ عێراق یەكگرتووبین داهاتوومان مسۆگەر دەبێت”.