كۆسرەت ڕەسوڵ: هەرێم بەدۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێت و گوزەرانی خەڵك سەختە



سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی حزبەكەیەوە پەیامێك بڵاودەكاتەوە و ڕایدەگەیەنێت، ئەركە لەسەر شانی هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكان بەرژەوەندییەكانی خۆیان وەلا بنێن و خەبات بكەن لەپێناو دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ گەلەكەمان.

كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی لە پەیامێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، ئەوێ رۆژێ، شۆڕشی كوردی كۆتایی هاتبوو، دوژمنانی كورد خەونیان بەلەناوچوونی كوردو كۆتایی هاتنی دۆزە رەواكەی دەبینی، نائومێدی باڵی بەسەر گەلەكەمان كێشابوو، لەم كاتەدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دامەزرێنراو دوای تەنها ساڵێك لە شاخەكانی كوردستان خەباتی چەكداری دەست پێكردەوە، پێشمەرگە قارەمانەكانی یەكێتیی گوتیان تا كوردێك مابێ و شاخێك بەپێوە وەستابێ كورد بەردەوام دەبێ لە خەبات.

ڕاشیگەیاندووە، ئێستا هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی سەخت و هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكان لەئاستی پێویستدا نییە، دۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان سەختە، ئایندەی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا روون نییە.

دەقی پەیامەكەی كۆسرەت ڕەسوڵ:

(٤٨)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەخۆمان و تێكۆشەرانی یەكێتیی، پێشمەرگە قارەمانەكان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی و كەمئەندامانی سەنگەر، گەنجان و لاوان، ژنان و خوێندكاران، یەكێتییەكان و خەڵكی كوردستان پیرۆز دەكەم، ئومێد دەكەم ئەم یادە ببێتە مایەی گەشانەوەی زیاتری یەكێتییەكەمان.

ئەوێ رۆژێ، شۆڕشی كوردی كۆتایی هاتبوو، دوژمنانی كورد خەونیان بەلەناوچوونی كوردو كۆتایی هاتنی دۆزە رەواكەی دەبینی، نائومێدی باڵی بەسەر گەلەكەمان كێشابوو، لەم كاتەدا یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دامەزرێنراو دوای تەنها ساڵێك لە شاخەكانی كوردستان خەباتی چەكداری دەست پێكردەوە، پێشمەرگە قارەمانەكانی یەكێتیی گوتیان تا كوردێك مابێ و شاخێك بەپێوە وەستابێ كورد بەردەوام دەبێ لە خەبات.
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دامەزراو رابەرایەتی شۆڕشی نوێی گەلەكەمانی كرد، كۆڵی نەداو خەباتی كرد، رێكخستنە نهێنییەكان لەناو شار، پێشمەرگە قارەمانەكان لە شاخ بەردەوام بوون تا لە راپەڕین رژێمی بەعسی فاشیستیان لە كوردستان وەدەرناو یەكەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو حكومەتی هەرێمی كوردستان دامەزرێنرا.

یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان حزبێكی تێكۆشەرەو خاوەن مێژووێكی پڕ لە سەروەری و شانازییە، مێژووی یەكێتیی مێژووی هەزاران شەهیدو سەدان داستان و قارەمانێتی و نەبەردییە، مێژووی بەرەنگاربوونەوەی بەعس و تاریكپەرستانە، مێژووی رێكخستنە نهێنییەكان و زیندانیانی سیاسی و قارەمانانی ژێرپەتی سێدارەو دروشمی كەم بژی و كەڵ بژی-یە، بۆیە ئەركە لەسەر شانی هەموو یەكێتییەكان لەئاست گەورەیی ئەو مێژووە بن و خەبات بكەن بۆ پاراستن و گەشەپێدانی، دەبێ هەموومان باش ئەو راستیە بزانین یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بەرهەمی خوێن و خەبات و قوربانیدانی هەموو تێكۆشەران و شەهیدان و قارەمانانە، ئەركە لەپێناو ئەم رابردووە پڕ لە شانازی و سەروەرییە هەموو پێكەوە دەست لەناو دەست خەبات بكەین بۆ گەشەپێدانی لە داهاتوودا.

ئەمڕۆ كە (٤٨)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە، هەرێمی كوردستان بە دۆخێكی سەخت و هەستیاردا تێپەڕ دەبێت، پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكان لەئاستی پێویستدا نییە، دۆخی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیان سەختە، ئایندەی پەیوەندی نێوان هەرێم و بەغدا روون نییە، بۆیە ئەم یادە پیرۆزە بەپێویست دەزانم رایبگەیەنم كە ئەركە لەسەر شانی هەموو هێزو لایەنە سیاسییەكان بەرژەوەندییەكانی خۆیان وەلا بنێن و خەبات بكەن لەپێناو دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ گەلەكەمان و دانانی ستراتیژێكی نەتەوەیی بۆ ئایندەی گەلەكەمان و هەنگاونان بەرەو ئەو ئاوات و ئامانجانەی ساڵەهایە خەباتیان بۆ دەكەین و نەهاتوونەتە دی.

جارێكی تر پیرۆزبایی ئەم یادە پیرۆزە لە خۆمان و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان و تێكۆشەران و پێشمەرگە قارەمانەكان و سەرجەم یەكێتییەكان دەكەم و دەخوازم ئەم یادە بكەینە هەوێنی زاڵ بوون بەسەر كێشەكان و چارەسەركردنیان.

كۆسرەت رەسول عەلی
سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی
یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان

بەرپرسێكی حكومەتی هەرێم كۆچی دوایی كرد
پێشت بەرپرسێكی حكومەتی هەرێم كۆچی دوایی كرد
دەزگای ئاسایشی هەرێم چەند بڕیارێك دەربارەی ڕۆژنامەنووسان دەردەكات
دواتر دەزگای ئاسایشی هەرێم چەند بڕیارێك دەربارەی ڕۆژنامەنووسان دەردەكات
ەیوەندیدار