دەزگای ئاسایشی هەرێم و نوێنەری دەزگاکانی ڕاگەیاندن کۆبوونەوە و چەند بڕیارێکی گرنگ لەپێناو فەراهەم كردنی كاری ڕۆژنامەوانی دەرکرا.
هیوا ئەحمەد، بەرپرسی دەزگای ئاسایشی هەرێم و عەقید عەبدولسەلام خالق، بەرپرسی راگەیاندنی دەزگای ئاسایشی هەرێم لەگەڵ نوێنەری دەزگاکانی ڕاگەیاندن کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر چەند تەوەرێک و پەیوەندی نێوان دەزگای ئاسایش و ڕۆژنامەنووسان کرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوی كۆبوونەوەكە، هیوا ئەحمەد لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاریدا دیاردەی پڕکردنەوەی بەڵێننامە بە ڕۆژنامەنوسان لەوکاتەی، کە لێپیچنەوەیان لەگەڵدا دەکرێت نەمێنێ، هەروەها ڕێگە نادرێت پاسۆردی مۆبایل و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ڕۆژنامەنوسان وەربگیرێت.
بەرپرسی دەزگای ئاسایشی هەرێم باسی لە دروستکردنی وێب سایتی فەرمی دەزگای ئاسایشی هەرێم کرد وەک سەرچاوەیەکی فەرمی بۆ وەرگرتنی زانیاری و کاروچالاکییەکانی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان.
هەر لەو کۆبوونەویەدا بەرپرسی دەزگای ئاسایشی هەرێم داوای کرد، ڕۆژنامەنوسان باجی فەرمیان هەبێت و جەخت لە هەماهەنگی بەردەوام لە نێوان دەزگای ئاسایش و دەزگاکانی ڕاگەیاندن کرایەوە بۆ باشترکردنی ڕووماڵی هەواڵەکانی تایبەت بە ئاسایش.