بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بڕێكی زۆر بەشەخۆراكمان بەدەست گەیشتووە و بەردەوام بەسەر بریكارەكاندا دابەشی دەكەین، دەشڵێت: “ئەو شوێنانەی فاسۆلیایان وەرگرتووە و خراپ بووە بۆمان بگەڕێننەوە لە ڕێگەی بریكارەكانەوە بۆیان دەگۆڕین”.
شەوكەت محەمەد، بەڕێوەبەری كۆمپانیای دابەشكردنی خۆراك لە سلێمانی بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە ئێستادا بڕێكی زۆر باش لە بەشەخۆراك لە كۆگاكان بوونیان هەیە و بەردەوام لە ڕێگەی بریكارەكانەوە دابەشدەكرێت .
وتیشی، “ڕۆژانە لە بەغداوە بەشەخۆراك دەگاتە دەستمان، لە ئێستادا بۆ مانگی 12 ئامادەكاری دەكەن و هەموو 15 ڕۆژ جارێك بەشەخۆراك دەگاتە دەستمان”.
ڕاشیگەیاند، چاوەڕێی بریكارەكانین بزانین چەند فەردە فاسۆلیا بەم شێوازە تێكچووە و تەواوی فەردەكانیان بۆ دەگۆڕین و لەهەر شوێنێك ئەو فاسۆلیایە گەیشتۆتە بریكارەكان دەتوانن بیگەڕێننەوە و بۆیان بگۆڕین.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە كاسترۆ مەعروف، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە ڤیدیۆیەكدا، كە بۆ (خەڵك)ی ناردووە، ئاماژەی بەوەكردووە، لە چەند بریكارێكی خۆراك ئەو فاسۆلیایەی دابەش كراوە خراپ بووە و كرم لێی داوە.
ماوەی چەند مانگێكە لە بەشەخۆراك ماددەی فاسۆلیا دابەش نەكراوە، بەڵكو زیاتر نیسك و لەتكەنۆك دابەشكراوە، بەوهۆیەشەوە نرخی فاسۆلیا لە بازاڕەكاندا ڕووی لە بەرزبوونەوە كردبوو، بەجۆرێك نرخی یەك كیلۆ گەیشتبووە نزیكەی 3 هەزار دینار.