بەرھەمھێنانی خورما لە عێراق بەڕێژەی لەسەدا ٥٠ کەمیکردووە



بەرھەمھێنانی خورما لە عێراق بەڕێژەی لەسەدا ٥٠ کەمیکردووە و ئەوەش بە هۆی کێشەی رێکخستن و هۆکارە سروشتییەکانە کە کاریگەرییان لەسەر چاندنی خورما ھەیە.
دوای ساڵی ٢٠٠٣، کەرتی چاندنی خورما لە ژمارەیەک ناوچەی عێراق دابەزینێکی بەرچاوی تۆمار کردووە کە بەھۆیەوە توانای ساڵانەی ئەو وڵاتە لە بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی خورما کەمبووەتەوە.

دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە کە گرژیی سیاسیی بەدوای خۆیدا ھێنا، گرنگییدان بە کەرتی کشتوکاڵ لە عیراق کەمی کرد و زیاتر گرنگی بە پیشەسازی نەوت دراوە.

بەم دواییانە کەرتی کشتوکاڵ لە عێراق زیاتر پشتگوێ خراوە، ئەوەش بەھۆی ئەوەی لەلایەن حکوومەتەوە کەمتر گرنگی پێدراوە، ھەروەھا کێشەی گۆڕانی ئاووھەوا و کەمی بارانبارین لە وەرزی زستانی ساڵانی رابردوو کاریگەریی هەبووە.

لە ھەلومەرجی ئێستادا، جووتیارانی عێراق لە بری گرنگیدان بە چاندانی خورما، گرنگی زیاتر بە چاندنی گەنم و جۆ دەدەن کە دوو بەرھەمی خۆرکیی ستراتیجیین لە عێراق.

 کەمبوونەوەی بەرھەمھێنانی خورما

بەپێی داتاکانی حکوومەتی عێراق، بەرھەمھێنانی خورما ساڵانە لەو وڵاتەدا بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت، لەکاتێکدا پێشتر بەرھەمھێنانی خورما لە عێراق لەسەدا ١٠ی بەرھەمھێنانی جیھان بوو، بەڵام لەئێستادا لەسەدا پێنج تێپەڕ ناکات.

پێشتر وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق لە ئامارێکدا بڵاوی کردبوویەوە کە لە ساڵی ٢٠٢٢، عێراق ٦٥٠ ھەزار تۆن خورمای “زوهدی” ھەناردە کردووە.

لە ھەشتەکانی سەدەی رابردوودا، ٣٢ ملیۆن دار خورما لە عێراق ھەبوو، بەڵام لەئێستادا ئەو ژمارەیە کەمبووەتەوە و بەپێی ئامارە فەرمییەکانی ساڵی ٢٠٢٣، ژمارەی دار خورما لەو وڵاتە گەیشتووەتە، ٢٠ ملیۆن.

لەمبارەیەوە سکرتێری گشتیی یەکێتیی خۆجێی کۆمەڵەکانی جووتیاران لە پارێزگای بابل ناوەڕاستی عێراق، یەحیا حمیەری   رایگەیاندووە، جیاوازییەکی زۆر ھەیە لەنێوان چاندن و بەرھەمھێنانی خورما و وتی: “ساڵانە لە عێراق یەک دار خورما لەنێوان ١٠٠ بۆ ١٢٥ کیلۆگرام خورما بەرھەم دەھێنێت و ھەندێک ساڵ دەگاتە ١٥٠ کیلۆگرام”.

وتیشی: “بەرھەمھێنانی خورما لە عێراق، بەشێوەیەکی سەرەکیی پشت دەبەستێت بە ھەڵمەتێکی باشی قەڵاچۆکردنی مێروو، زۆری ئاو، چارەسەکردنی ئەو نەخۆشییانەی کە ھەموو وەرزێک تووشی خورما دەبن”.

کاریگەری کەمی ئاو لەسەر کەمبوونەوەی بەرھەمی خورما

یەحیا حمیەری ئاماژەی بەوەیشدا کە کەمی ئاو، ھۆکارێکی گرنگە کە کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی بەرھەمی خورما دروست کردووە بە تایبەتیش لە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق و رایگەیاند کە جووتیاران لەو پارێزگایانە، بۆ ئاودانی خورما بەدەست کەمی ئاوەوە دەناڵێنن.

بە وتەی سکرتێری گشتیی یەکێتیی خۆجێی کۆمەڵەکانی جووتیاران لە پارێزگای بابل، ھێشتا زۆربەی جووتیاران لە باشووری عێراق، پشت بە سەرچاوە کۆنەکانی ئاودێری دەبەستن و زەوییە کشتوکاڵییەکان بە ئاوی رووبار ئاو دەدەن کە ئەوەیش دەبێتە هۆی بەفیڕۆدانی بڕێکی زۆری ئاو، چونکە دەوڵەت و وەزارەتی کشتوکاڵ ئامێری ئاودێری سەردەمیانە دابین ناکەن.

بەڵام لە ژمارەیەک پارێزگای دیکەی عێراق، بە تایبەتی لە پارێزگاکانی نەجەف و کەربەلا، جووتیاران بۆ ئاودان پشتیان بە ئاودان بەدڵۆپە بەستووە.

لەئێستادا حکوومەتی عێراق بە ئامانجی زیادکردنی بەرھەمھێنان و ھەناردەکردنی خورما وەک ساڵانی پێشوو، جووتیاران ھان دەدات خورما لە بیابانەکان بچێنن.

سکرتێری گشتیی یەکێتیی خۆجێی کۆمەڵەکانی جووتیاران لە پارێزگای بابل، یەحیا حمیەری باسی لەوەکرد، ئەو جەنگانەی کە لە ماوەکانی رابردوودا لە عێراق روویانداوە، بەشێوەیەکی بەرچاو کاریگەرییان لەسەر کەمبوونەوەی ژمارەی دار خورماکان ھەبووە، ئەمە وێڕای ئەو ھەڵمەتانەی کە لەلایەن جووتیارانەوە بۆ لەناوبردنی باخەکان ئەنجامدراون بۆ ئەوەی بفرۆشرێن و بکرێن بەشوێنی نیشتەجێبوون.

لە عێراق ٦٢٥ جۆری خورما ھەیە بەناوبانگترینیان بریتین لە زوهدی، خەستاوی، حیلاوی، بەرحی، سایر، خەزراوی، ئەلوان، مەکتوم، ھەروەھا بەربن کە بەسەر دوو جۆردا دابەشکراوە: خورمای وشک و نیمچە وشک، بازرگانیی.

کەمبوونەوەی پاڵپشتی حکوومەت بۆ چاندنی دار خورما

جووتیاران گلەیی ئەوە دەکەن کە حکوومەت پاڵپشتییان ناکات، بۆ ئەوەی وەک ساڵانی پێشوو خورما بەرھەم بھێنن.

لەوبارەیەوە جووتیار و ئەندام لە یەکێتیی خۆجێی کۆمەڵەکانی جووتیاران، محەمەد حەسەن سەلمان  باسی لەوە کرد کە حکوومەت پاڵپشتی جووتیاران ناکات و کەرەستەی کشتوکاڵی، پەیین و دەرمان بۆ قەڵاچۆکردنی مێرووە زیانبەخشەکان دابین ناکات.

وتیشی: “ھۆکاری دیکە ھەن کە کاریگەرییان لەسەر بەرھەمھێنانی خورما دروست کردووە، لەوانە کەمی ئاو، نەبوونی کەرەستەی ئاودێری سەردەمیانە بۆ ئەو ناوچانەی کە دارخورمایان تیایدا چێنراوە، ئەمەیش وایکردووە جووتیاران بیر لە ھەڵکەندنی بیر بکەنەوە بۆ ئەوەی بەو رێگایە بتوانن خورماکانیان ئاو بدەن”.

محەمەد حەسەن سەلمان راشیگەیاند “دەوڵەت بەھۆی نەبوونی شوێنی عەمبارکردنی خورما، ھیچ بڕە خورمای بەرھەمھاتوو لە جووتیاران وەرناگرێت کە ئەوەیش وا دەکات خورمای زیاتر بخرێتە بازاڕە و دواتر دەبێتە مایەی دابەزینی نرخی خورما لە بازاڕدا”.

ھەر لەوبارەیەوە جووتیاریک بە ناوی محەمەد کازم، وتی: “ھەوڵەکانی حکوومەت بۆ پەرەپێدان بە چاندنی خورما بوونی ھەیە، بەڵام بەراورد بە ساڵانی رابردوو بە تایبەتی دوای داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، لاوازە و وەک پێویست نییە”.

محەمەد کازم ئاماژەی بەوەیشدا کە کێشەکانی بەردەم جووتیاران زۆرن، بەڵام دیارترینان نەبوونی کۆمپانیاکانی بەبازاڕکردنی خورمایە لەلایەن دەوڵەتەوە بۆ وەرگرتنی بەرھەمی خورما، ئەوەیش وای لە جووتیاران کردووە کە بەرھەمەکانیان بە بازرگانان بفرۆشن.

بەپێی نەتەوە یەکگرتووەکان عێراق کە بە نەوت دەوڵەمەندە، یەکێکە لەو پێنج وڵاتەی کە بەھۆی گۆڕانی ئاووھەواوە زۆرترین زیانی بەرکەوتووە، بەتایبەتیش لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە وەرزی ھاویندا کە ٥٠ پلەی سەدی تێدەپەڕێنێت، وشکەساڵی لەو وڵاتە زیادی کردووە.

عێراق یەکێکە لە کۆنترین وڵاتانی جیھان کە خورمای تیادا چێنراوە، بەو پێیەی چاندنی یەکەم دار خورمای بەڵگەکراو لە جیھاندا لە شاری ئەریدو باشووری ئەو وڵاتە (چوار هەزار پ . ز) بووە کە ناوچەیەکی سەرەکی چاندنی خورما بوو.

ڕۆژنامەی ئاس: میسی و بێنزیما دەچنە سعویە
پێشت ڕۆژنامەی ئاس: میسی و بێنزیما دەچنە سعویە
ئەنسو فاتی بەرشەلۆنە جێدەهێڵێت
دواتر ئەنسو فاتی بەرشەلۆنە جێدەهێڵێت
ەیوەندیدار