سەرۆكی كۆمەڵی دادگەری كوردستان كوردستان پیرۆزبایی سەرهەوتنی هەڵبژاردنەكان لە سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدانی توركیا دەكات و ڕایدەگەیەنێت، كارێك بكە ئەوانەی نەیاریشتان بوون و دەنگیشیان پێنەداون، لە هەڵوێستی خۆیان پەشێمان بنەوە.
عەلی باپیر لە پەیامێكی پیرۆزباییدا بۆ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاندووە، تۆ ئێستا هی تێكڕای خەڵكی وڵاتەكەتی و، پێویستە بە یەك چاو تەماشای هەموو لایەك بكەی.
دەقی پەیامەكە:
بەڕێز ڕەجەب تەیب ئۆردۆگان، سەرۆكی پارتی داد و گەشەپێدان..
بەبۆنەی هەڵبژێردرانەوەت بە سەرۆك كۆماری توركیا، بەناوی خۆم و كۆمەڵی دادگەریی كوردستانەوە، پیرۆزبایی گەرم لە خۆت و حیزبەكەتان و سەرجەم خەڵكی توركیا دەكەم بە تورك و كورد و عەڕەب و سەرجەم پێكهاتەكانی دیكەوەو، هیوادارم لە سەرۆكایەتیی كردنتدا بۆ كۆماری توركیا لەم بارودۆخە دژوار و هەستیارەی دنیا و ناوچەكەدا سەركەوتوو بی و، لە ئاستی چاوەڕوانیی سەرجەم خەڵك و گەلانی وڵاتەكەتان دابی، چونكە تۆ ئێستا هی تێكڕای خەڵكی وڵاتەكەتی و، پێویستە بە یەك چاو تەماشای هەموو لایەك بكەی و، كارێك بكەی ئەوانەی نەیاریشتان بوون و دەنگیشیان پێنەداون، لە هەڵوێستی خۆیان پەشێمان بنەوە.
بێگومان سەقامگیریی ئاشتیی كۆمەڵایەتیی و تەبایی، بناغەی وڵات بەڕێوەبردنی تەندروستەو، هەرگیزیش بەبێ دادگەریی و نەهێشتنی ستەم و جیاكاریی لە نێوان خەڵك و هاوڵاتییاندا ئاشتیی كۆمەڵایەتیی و تەبایی سەقامگیر نابێ.
بێگومان ئێمەی خەڵكی عێڕاق و هەرێمی كوردستانیش بەرژەوەندیی خۆمان لە توركیایەكی هێمن و ئارام و پێشكەوتوودا دەبینین.