چارەسەری حکومەتی هەرێم دادگای فیدڕاڵیە، بەڵام ناتوانێت پەنایی بۆ ببات



ئەو گۆڕانکارییانەی لە پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق کراوە، بووەتە جێی ڕەخنەی نوێنەرانی کورد، حکومەت و پەرلەمانی هەرێمی کوردستانیش ڕەخنەی جدیان هەیە.

بەپێی ئەو گۆڕانکاریانەی لە پڕۆژە یاساکەدا کراوە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بووەتە ئەگەرێک، هەروەها دەبێت هەرێمی کوردستان بە لایەنی کەمەوە ٤٠٠ هەزار بەرمیل ڕادەستی عێراق بکات، ئەمەش بەبێ نەوتی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

یەکێکی دیکە لە گۆڕانکارییەکان، هەژماری تایبەت بە نەوتی هەرێمی کوردستانە، کە بەبێ ڕەزامەندی وەزارەتی دارایی عێراق، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان ناتوانێت ئەو هەژمارە بانکییە بەکاربهێنێت.

گۆڕانکارییەکی دیکە گەڕاندنەوەی ٪١٠ی پاشەکەوتی مووچەیە، بەڵام هیچ بڕە پارەیەک و شێوازی گەڕاندنەوەی ئەو پاشەکەوتە باس نەکراوە.

بەپێی ئەم گۆڕانکارییە، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەسەڵاتەکانی دەبێتە بەڕێوەبەری گشتی، هاوکات لەکاتی جێبەجێنەکردی مەرجەکانی عێراق، ئەو حکومەتی ناوەندی مووچە مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەبڕێت.

ئەم گۆڕانکاریانە حکومەتی هەرێمی کوردستانیان نیگەران و توڕەکردووە، ئەمڕۆ ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند، ئەو گۆڕانکاریانە نا دەستوری و نا یاساییە، بۆ تێکدانی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێرە.

دوێنێ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو گۆڕانکاریانە بودجە لە پەرلەمانی عێراقەوە ڕایگەیاند، ئەو گۆڕانکارییانەی لە پشکی هەرێم کراون، ناپاکی، ستەمکاری و پیلانگێڕییە، ناهێڵین سەر بگرێت.

لە ڕووی یاساییەوە ئەو گۆڕانکاریانەی ئەنجامدراون نایاسایین، دژی هەردوو بڕیار دادگای فیدڕاڵی ژمارە ٢٥ی ساڵی ٢٠١٢ و ژمارە ٣٥ی ساڵی ٢٠٢١.

بەپێی ئەو دوو بڕیارە پەرلەمانی عێراق مافی نییە، هەمواری جەوهەری پڕۆژە یاسای بودجەی ڕەوانەکراو لە حکومەتەوە بکات.

پێشتر بەم بڕیارە حەیدەر عەبادی، سەرۆکی حکومەتی ئەو کاتی عێراق دۆسیەیەکی لە پەرلەمانی عێراق بردەوە، کە تانەی خۆی گەیاندە دادگای فیدڕاڵی عێراق.

ئەگەر ئەم هەموارانە لە پەرلەماندا پەسەندبکرێت، ئەوا دەرچەی هەرێمی کوردستان بۆ ڕزگاربوون لەم کێشانە دادگای فیدڕاڵی عێراقە، بەڵام پێناچێت هەرێمی کوردستان ئەو ڕێگایە بگرێتەبەر.

یاسین تەها، ڕۆژنامەنووس و شارەزا لە سیاسەتی عێراق بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، ئەرکی پەرلەمان چاودێرییە، کۆمەڵێک خاڵی جەوهەری هەیە کە پەرلەمان مافی نییە و پێچەوانەی دەستوریە.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگای حکومەتی عێراقەوە تانە لە یاساکان بدات، بەڵام حکومەتی هەرێم کێشەی هەیە و ناتوانێت بە ئاسانی ڕوو لە دادگاکە بکات، چونکە حکومەتی هەرێم، دادگای فیدڕاڵی بە دادگایەکی بەعسی دەزانێت و پێشتر بڕیاری دادگاکەی لە دۆسیەی نەوتدا ڕەتکردۆتەوە.

دەڵێت “ئەگەر حکومەت سووربێت لەسەر ئەوەی تانە لە هەموارەکانی پەرلەمان بدات، دەیباتەوە”.

 

 

 

دیاردەیەكی گەردوونی لە كەعبەی پیرۆز ڕوویدا
پێشت دیاردەیەكی گەردوونی لە كەعبەی پیرۆز ڕوویدا
پۆچێتینۆ بووە ڕاهێنەری نوێی چێلسی
دواتر پۆچێتینۆ بووە ڕاهێنەری نوێی چێلسی
ەیوەندیدار