یاریدەدەری سەرۆك وەزیرانی هەرێم بۆ كاروباری وەبەرهێنان و ڕاژەی گشتی ڕایدەگەیەنێت، ئەوانەی داری ژێر پێی خۆیان دەبڕنەوە زۆر دڵخۆش نەبن و دەشڵێت: “حزبەكانی كابینەی هەشتەم ئاگاداری تەواوی پاشەكەوتی مووچە بوون”.
ڕێباز حەملان، یاریدەدەری سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، گۆڕانكاری لە ماددەكانی ١٣ و ١٤ ی پشكی ھەرێم لە لیژنەی دارایی بەریەككەوتنێكی نادەستوری و دژ بەو ڕێكەوتنەیە، كە لەنێوان سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی عێراقی فیدڕاڵ كراوە لەسەر بودجە و ھەناردەكردنی نەوت.
ڕاشیگەیاندووە، داكۆكیكاران لە مافی نەتەوەی كورد و نوێنەرانی راستەقینەی كورد لە بەغدا لە ھەوڵێكی گەورەدان تا بڕگەكانی بودجە وەك خاڵەكانی ڕێككەوتنەكە دەنگی لەسەر بدرێت لە ناوەڕاستی ئەم ھەفتەیە.
وتیشی، “پاشەكەوتی مووچە ھۆكاری سەرەكییەكەی برینی بەشە بودجەی ھەرێم بوو لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٤ لە لایەن حكومەتی عێراق لەوكاتەدا”.
دەربارەی پەیڕەو كردنی پاشەكەوتی مووچە، ڕێباز حەملان ئاشكرای كردووە، سەرجەم لایەنەكانی پێكھێنەری كابینەی ھەشتەمی حكومەتی ھەرێم ئاگاداری تەواوی وردەكاری بریاری پاشەكەوت بوون.
جەختیشی كردۆتەوە، “ئەوانەی داری ژێر پێی خۆیان دەبڕنەوە زۆر دڵخۆش نەبن و ڕۆژانی داھاتوو ئەنجامی ماندووبوون و ھەوڵەكان دەبینن”.