سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان سەردانی دەشتی زرارەتی لە پارێزگای هەولێر كرد و لە نزیكەوە، لە بارودۆخی جووتیارانی پرسی و لەگەڵ جوتیاران بەشداری لە دروێنەكردنی دانەوێڵە كرد، كە هاوكاتە لەگەڵ دەستپێكردنی پرۆسەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لە سایلۆكانی هەرێمی كوردستان.
مەسرور بارزانی، سەرۆك وەزیرانی هەرێم لە دانیشتنێكدا لەگەڵ ژمارەیەك لە جووتیاران ڕایگەیاند، حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو هەوڵی دەخاتەگەڕ لە پێناو گرنگیدانی زیاتر بە كەرتی كشتوكاڵ و بەبازاڕكردنی بەرهەمی جووتیارانی كوردستان، بە شێوەیەك، كە نابێت خەمی ساخكردنەوەی بەرهەمەكانیان هەبێت.
وتیشی، “ئەو گۆڕانكارییانەی لە پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجەی فیدراڵیدا كراون، ناپاكی و ستەمكاری و پیلانگێڕانە لە دژی هەرێمی كوردستان، بەڵام بە هەموو شێوەیەك ڕووبەڕووی ئەو پیلانگێڕییە دەبینەوە و ناهێڵین سەر بگرێت”.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەوەی جێی داخە ئەو دەستە ناوخۆییەیە، كە بەشدارە لەم پیلانگێڕییە. لەوەش خراپتر، كەمكردنەوەی دەسەڵاتەكانی هەرێمی كوردستان بەدەسكەوت بۆ خۆیان بزانن. بەڵام دڵنیاتان دەكەینەوە ئەمە هەوڵێكی نەزۆكە و سەر ناگرێت.