وەزیری دەرەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران بە تەلەفۆن لەگەڵ هاوتا توركییەكەی دوایين پەرەسەندنەكانی دۆخی سووریا و ئەگەری هێرشی سەربازی ئەنكەرە بۆ سەر خاكی سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان تاوتوێ دەكات و هۆشداری “ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخەكە” دەدات.
بەپێی هەواڵێكی ئاژانسی (ئیرنا)ی ئێرانی، حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەگەڵ مەولود چاوش ئۆغڵو، وەزیری دەرەوەی توركیا ئەنجامداوە سەبارەت بە دوایین پێشهاتەکانی سنووری تورکیا و سووریا (ڕۆژئاوای كوردستان) و ئەو تێکهەڵچوونە سەربازییانەی لەوێ ڕوودەدەن.
عەبدوڵڵاهیان ڕایگەیاندووە، کۆماری ئیسلامی ئێران لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا و پێویستی چارەسەرکردنی ئەو نیگەرانیانە تێدەگات و وتوشیەتی، “بەدیهێنانی ئەمەش پێویستی بە بەردەوامی دانوستانی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات هەیە”.
وتوشیەتی، “پەنابردن بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی زەمینی یارمەتیدەر نابێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان، بەڵکو دەبێتە هۆی زیانگەیاندن و ئاڵۆزترکردنی دۆخەکە”.
وەزیری دەرەوەی ئێران ئامادەیی وڵاتەكەی بۆ پێشکەشکردنی هەر هاوکارییەک بۆ چارەسەری سیاسی بۆ کێشە هەنووکەییەکانی نێوان هەردوو وڵاتی تورکیا و سووریا ڕاگەیاند.
ماوەی هەفتەیەكە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆكی توركیا هەڕەشەی ئەنجامدانی هێرشی زەمینی بۆ سەر خاكی ڕۆژئاوای كوردستان و بەتایبەتی كۆبانێ و ناوچە سنوورییەكانی دیكە دەكات و هێزە كوردییەكانی ڕۆژئاواش (هەسەدە و یەپەگە و یەپەژە) ئامادەكاری خۆیان بۆ ئەو جەنگە ڕاگەیاندووە و هەریەكە لە ئەمریكا و ڕوسیاش دژایەتی خۆیان بۆ هەر كردەیەكی سەربازی ڕاگەیاندووە.