ئەمریکا، بەڵگەنامەی تایبەت بە هەوڵی تیرۆری شاژنی بەریتانیای بڵاوکردەوە



ئەمریکا چەند بەڵگەنامەیەکی بڵاوکردەوە کە تایبەتن بە پلانی تیرۆرکردنی شاژنی بەریتانیا شاژنە ئەلیزابێسی دووەم لە ساڵی ١٩٨٣دا

 

نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵیی ئەمریکا (FBI)، بەڵگەنامەکانی تایبەت بە پلانی هەوڵی تیرۆرکردنی شاژنی بەریتانیا، ئەلیزابێسی دووەم لە کاتی سەردانێکیدا بۆ ئەمریکا لە ساڵی ١٩٨٣دا، بڵاوکردەوە.

 

بەگوێرەی هەواڵێکی کەناڵی “BBC” لەو بەڵگانەدا کە “FBI”ی بڵاویکردووەتەوە، دەربارەی سەردانەکەی ئەلیزابێسی دووەم بۆ ئەمریکا و پلانەکانی تیرۆرکردنی، وردەکاری خراوەتەڕوو.

 

لە بەڵگەکاندا ئەوە بەدی دەکرێت کە شاژنی بەریتانیا، سوپای ئیرلەندای بە هەڕەشە زانیوە و لەمبارەیەوە هۆشداری داوەتە هەواڵگرەکانی ئەمریکا.

 

هەروەها باس لەوەش کراوە کە نزیکەی مانگێک بەر لە سەردانەکەی شاژنە ئەلیزابێس و فلیپی هاوسەری بۆ ئەمریکا، هۆشداری دراوە لەبارەی هەوڵی تیرۆرکردنی شاژنەوە، ئاماژە بەو راپۆرتانەش کراوە کە پیاوێک لە باڕێکی شاری سان فڕانسیسکۆ باسی لەوە کردووە کە دەیەوێت “تۆڵەی کچە کوژراوەکەی بکاتەوە”.

 

لە راپۆرتەکاندا باس لەوەکراوە کە گومانلێکراوەکە پلانی وابووە لە کاتی تێپەڕبوونی شاژنە ئەلیزابێس بەسەر پردی گۆڵدن گەیت یان لە کاتی سەردانکردنی پارکی نیشتمانیی یۆسەمیتی، هێرشی بکاتە سەر.

 

بەهۆی ئەم هەڕەشانەوە بەرپرسانی ئەمریکا بەشی پیادەی پردی گۆڵدن گەیتیان داخستووە، بەڵام لە بەڵگەکاندا هیچ زانیارییەک دەربارەی رێوشوێنەکانی پارکی نیشتمانی یۆسەمیتی نەخراوەتەڕوو.

 

ئاماژە بەوەشدراوە کە زۆرینەی سەردانەکانی شاژنی بەریتانیا بۆ ئەمریکا لەو کاتانەدا بووە کە گرژی لەنێوان ئیرلەندا و بەریتانیادا هەبووە، لە کاتی سەردانێکیشدا بۆ نیویۆرک لە ساڵی ١٩٧٦دا، فڕۆکەیەکی ئۆپۆزسیۆن لەکاتی فڕینی بەسەر پارکی باتێری، پانکارتێکی بەرز کردبووەوە کە لەسەری نوسرابوو “بەریتانیا لە ئیرلەندا بچۆ دەرەوە”.

 

لەسەر خواستی راگەیاندنەکان و لە چوارچێوەی یاسای ئازادی بەدەستهێنانی زانیاری لە ئەمریکا، نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدڕاڵیی ئەمریکا (FBI)، ئەو بەڵگەنامە ١٠٢ لاپەڕەییەی بڵاوکردووەتەوە.

 

لیرەی تورکی، بۆ ئاستێکی پێوانەیی دابەزی
پێشت لیرەی تورکی، بۆ ئاستێکی پێوانەیی دابەزی
نەهەنگێک، وڵاتێکی ئەوروپایی دەشڵەژێنێت
دواتر نەهەنگێک، وڵاتێکی ئەوروپایی دەشڵەژێنێت
پەیوەندیدار