هه‌ڵبژاردن، سیناریۆكانی پارتی و گره‌وه‌كانی یه‌كێتی



عەدالەت عەبدوڵا

له‌ ئێستادا، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن له‌ هه‌رێمی كوردستان، خواستی ئه‌و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تی و وڵاته‌ رۆژئاوایی و دۆستانه‌ی كوردیشی تیایه‌ كه‌ پێگه‌ی دیبلۆماسییان له‌ هه‌رێم و عێراقدا هه‌یه‌، ناوبه‌ناویش به‌رپرسانی حزبه‌ كوردییه‌كان و كاربه‌ده‌ستانیان ئه‌بیننن و په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵدا ده‌گرن.

له‌و په‌یوه‌ندییانه‌یاندا، تێزی ئێستای رۆژئاواییه‌كان، به‌تایبه‌تی له‌ گه‌نگه‌شه‌كردنی دۆخی هه‌رێم و ململانێ و قه‌یرانه‌كانی ناوی، بریتییه‌ له‌ هاندانی گفتوگۆو داواكردنی چاره‌سه‌ری ناكۆكییه‌كان، له‌ رووی كرده‌ییشه‌وه‌ میكانیزمیان زیاتر ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌‌ كه‌ ده‌ربڕی خیبره‌و كولتوری دیموكراسیی ئه‌وانه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ هه‌ڵبژاردن، له‌ ئه‌زموونی وڵاتانی دیموكراسیدا، هه‌ندێجار، وه‌ك رێگه‌چاره‌یه‌كیش ئه‌بینرێت بۆ جڵه‌وكردنی ئه‌و هه‌لومه‌رجانه‌ی كه‌ وڵات تیایاندا قه‌یرانبار ده‌بێ و زیانی بۆ كۆمه‌ڵگه‌ ده‌بێت ‌و پارته‌ سیاسییه‌كانیش له‌ ململانێیه‌كی كراوه‌ی بێ ئاكامدا ده‌بن.

له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌و دۆستانه‌ی كورد، پارتی دیموكراتی كوردستان دڵخوازی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنه‌. ئه‌و پێی وایه‌ له‌ هیچ سه‌رده‌مێكی مێژووییدا نه‌بووه‌و رووی نه‌داوه‌ كه‌ هێزه‌ ركابه‌ره‌ ته‌قلیدییه‌‌ (50) ساڵییه‌كه‌ی رابردووی، كه‌ مه‌به‌ست له‌ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستانه‌، وه‌ك ئێستا، گرفتی خۆ ئاماده‌كاریی هه‌بێت بۆ چوونه‌‌ ناو هه‌ڵبژاردنه‌وه‌، به‌تایبه‌تیش له‌سایه‌ی ئه‌و دۆخه‌ نائاساییه‌ی كه‌ تێدایه‌.

پارتی دڵنیایه‌ كه‌ هه‌لی گونجاوی وای بۆ هه‌ڵناكه‌وێت كه‌ تیایدا بتوانێت، ئه‌مجاره‌یان، پێگه‌ی خۆی بۆ نزیكی نیوه‌ی كورسییه‌كانی په‌رله‌مان به‌رز بكاته‌وه‌و له‌ رێی كورسیی كۆتا-ی پێكهاته‌كانه‌وه‌ به‌ ته‌واوه‌تی كۆنترۆڵی پرۆسه‌ی سیاسیی هه‌رێم بكات.

یه‌كێتیی نیشتمانی، پێده‌چێ ئێستا له‌م پێشهات و سیناریۆ دڵخوازه‌ی پارتی تێگه‌یشتبێت، بۆیه‌ ماوه‌یه‌كه‌، له‌ په‌یوه‌ندییه‌كی گرژدایه‌ له‌گه‌ڵ پارتی. راسته‌ كه‌یسه‌كانی ئه‌م گرژییه‌ زۆرن، به‌ڵام كه‌یسه‌ چاره‌نووسسازه‌كه‌ ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ خوازراوه‌یه‌‌ كه‌ پارتی له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی ده‌وێت، به‌تایبه‌تی كه‌ ئه‌م هێزه‌، له‌م ماوه‌یه‌دا، له‌یه‌ككاتدا، هه‌م ئاماژه‌یه‌كی گه‌مه‌ی په‌نابردنی بۆ كارتی پشتگیریكردنی جێگره‌وه‌ بۆ یه‌كێتی فڕێداوه‌ته‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌وه‌‌، هه‌م كار له‌سه‌ر ترازاندنی ئه‌و به‌ره‌ دژه‌ پارتییه‌ش ده‌كات كه‌ یه‌كێتی له‌ ململانێیدا له‌گه‌ڵی، گره‌وی له‌سه‌ر ده‌كات.

پارتی دیموكرات، ده‌یه‌وێت هه‌ڵبژاردن بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌نجامه‌كانی لای حزبه‌‌ عێراقییه‌ شیعییه‌كانی دۆستی یه‌كێتی و لای ئێرانییه‌كانیش بكاته‌ پێوه‌ر، ناڕاسته‌وخۆ ئه‌و په‌یامه‌ بگات كه‌ ئه‌وان‌ ته‌نها دیفاكتۆی هێزی گه‌وره‌و یه‌كلاكه‌ره‌وه‌ی هه‌رێم نین‌، به‌ڵكو هێزی خاوه‌ن پێگه‌ی په‌رله‌مانی و جه‌ماوه‌ریشین‌، ئه‌وه‌شی بیه‌وێت له‌ هاوكێشه‌كانی عێراقدا، چ له‌ ناوخۆی هه‌رێم و چ له‌ به‌غداش، پشتیوانی قورسایی سیاسیی كورد به‌ده‌ستبهێنێت، ئه‌وا بژارده‌ی تری بۆ نامێنێته‌وه‌ جگه‌ له‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ هه‌ولێر. له‌م رووه‌وه‌، جاران، پارتی دیموكرات به‌ ته‌نها حزبه‌ سوننه‌كانی كردبووه‌ دۆستی خۆی، ئێستا، به‌ره‌ به‌ره‌، ده‌جوڵێت – ئه‌گه‌ر به‌ هه‌نگاوی سه‌ختیش بێت – بۆ ئه‌وه‌ی  زۆربه‌ی هێزه‌ شیعییه‌كانیش بكاته‌ پاڵپشتی هه‌ڵوێست و سیاسه‌ته‌كانی، ئه‌مه‌ش ئه‌گه‌ر به‌شێكی په‌یوه‌ندیی به‌ ئاماده‌بوونی جوڵه‌ی پارتییه‌وه‌ هه‌بێت له‌ گۆڕه‌پانه‌كه‌دا وه‌ك حزبێك كه‌ خاوه‌نی پرۆژه‌ی حزبی و سیاسیی تایبه‌تیی خۆیه‌تی، ئه‌وا به‌شه‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌كه‌ی په‌یوه‌ندیی به‌ بۆشایی پرۆژه‌و دیدگای سیاسیی روونی یه‌كێتیی نیشتمانییه‌وه‌‌ هه‌یه‌ بۆ ژیانی حزبایه‌تی و سیاسه‌ت و په‌یوه‌ندییه‌ نیشتمانی و عێراقی و ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان.
زۆر ئاماژه‌ وا ده‌رده‌خه‌ن كه‌ یه‌كێتیی دوای تاڵه‌بانیی باوك، له‌ دۆخێكی سه‌ختی ململانێدا بێت‌. ئه‌مه‌ ئه‌و فاكته‌یه‌ كه‌ پارتی دیموكرات هانده‌دات بچێته‌ سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ی كه‌ له‌ ئێستادا ته‌نها دوو بژارده‌ی قبوڵ بێت له‌ مامه‌ڵه‌كردندا له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی نیشتمانی، ئه‌وانیش به‌ ساده‌یی، ئه‌وه‌ن: یان خۆ ڕاده‌ستكردنی له‌سه‌ر خۆی یه‌كێتی به‌ پرۆژه‌ی پارتی له‌ ناو كوردو عێراق و ناوچه‌كه‌دا‌، یان په‌راوێزخستنی له‌ رێی ململانێ رۆژانه‌و كۆتایی هێنان به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵیداو دروستكردنی كێشه‌و ناسه‌قامگیری بۆی، ئه‌مه‌ به‌ دواین هه‌وڵیشه‌وه‌ كه بریتییه‌‌ له‌‌ لێدانی پێگه‌ی یه‌كێتی له‌ رێی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنێكه‌وه‌ كه‌ پێیوایه‌ هه‌م عێراقییه‌كان و هه‌م رۆژئاواییه‌كانیش له‌گه‌ڵ ئه‌نجامدانیدان و بانگه‌وازی په‌ڵپ لێگرتنیشی، بێسووده‌!‌.

به‌مانایه‌كی تر، لای پارتی دیموكرات و خودی سه‌رۆكی ئه‌م پارته‌ و سه‌رۆك وه‌زیران و هه‌رێمیش، بابه‌تی ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن یه‌كلابۆته‌وه‌، ئه‌وه‌ی له‌م پرسه‌دا مابوو ته‌نها دۆزینه‌وه‌ی سه‌نه‌دی یاسایی بوو له‌ رێی په‌رله‌مانه‌وه‌. ئه‌م حزبه‌، له‌م رۆژانه‌دا له‌ناو په‌رله‌مان، به‌بێ ره‌چاوكردنی یه‌كێتی و تاكلایه‌نانه‌‌، ئه‌و هه‌نگاوه‌شی نا، حاڵی حازر كار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ش‌ ده‌كات كه‌ قه‌ناعه‌ت به‌ باڵوێزخانه‌و كونسڵگه‌ری وڵاتان و نوێنه‌ری یۆنامی و ئه‌وروپییه‌كانیش بكات كه‌ پرۆسه‌كه‌ ئاسایی و شه‌رعییه‌، بگره‌ به‌ زۆرینه‌ی په‌رله‌مانی و له‌رێی كاراكردنی كۆمسیۆنه‌وه،‌ هه‌نگاوی بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆسه‌ ناوه‌ كه‌ وڵاتان له‌ هه‌رێمی داوا ده‌كه‌ن.

لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌، ئایا بژارده‌كانی یه‌كێتیی نیشتمانی، چین؟. راستی ئه‌وه‌یه‌ كه‌، ئه‌م حزبه‌ ماوه‌یه‌كه‌ گره‌وی له‌سه‌ر چوار پرسه‌:

– گره‌وی یه‌كه‌میان، كاركردن له‌ رێی به‌غداوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پارتی دیموكرات، به‌و سیناریۆیه‌ی كه‌ دایڕشتووه‌، ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی به‌سه‌ردا نه‌سه‌پێنێت. ئه‌م گره‌وه‌ هێشتا به‌هێز نییه‌. ره‌نگه‌ یه‌كێتیی نیشتمانی له‌ هه‌ندێ كه‌یسدا له‌بابه‌ت سامانی سروشتی و پرسی داهاتی نه‌وتدا زیان له‌ پلانی ركابه‌ره‌كه‌ی و كابینه‌ی نۆ بدات، به‌ڵام بۆ هه‌ڵبژاردن، تا ئێستا، نه‌چۆته‌ پێشه‌وه‌.

– دووه‌م: گره‌وكردن له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی گۆڕان و یه‌كگرتوو و كۆمه‌ڵ و هه‌ندێ حزبی تری كوردی‌ كه‌ له‌ پرسی كه‌یسه‌كانی تایبه‌ت به‌ هه‌ڵبژاردن له‌به‌ره‌ی ئه‌ودا بمێننه‌وه‌و لایه‌نگیری له‌و سیناریۆیه‌ی پارتی دیموكرات نه‌كه‌ن، له‌مه‌دا تا ئێستا كۆمه‌ڵی دادگه‌ری، به‌ هه‌ندێ حساباتی حزبیی خۆیشییه‌وه‌، تا ڕاده‌یه‌ك هاوسه‌نگه‌ری یه‌كێتیی نیشتمانییه‌‌، هه‌رچی گۆڕان-ه‌، ئه‌وا وه‌ك كۆنه‌ ركابه‌رێكی ته‌قلیدیی هه‌ردوو پارتی فه‌رمانڕه‌وا ده‌یه‌وێت پراگماتییانه‌ سیاسه‌ت بكاو سوود له‌و ململانێیانه‌ی نێوان پارتی و یه‌كێتی وه‌ربگرێت بۆ به‌هێزكردنی پێگه‌ی خۆی، به‌ڵام به‌بێ ئه‌وه‌ی تا ئێستا نه‌ لای پارتی و نه‌ لای یه‌كێتیشه‌وه‌ به‌ رێكه‌وتنێكی سیاسیی دیاریكراو گه‌یشتبێت كه‌ ئه‌و ئامانجه‌ی بۆ ئاسان بكات. هه‌رچی یه‌كگرتووی ئیسلامییه‌، ئه‌وا سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی هێزێكی به‌رهه‌ڵستكاره‌و پارتی زۆرجار ئازاری داوه‌، به‌ڵام به‌پێی راپۆرته‌ حزبییه‌كانیان و كه‌رنه‌ڤاڵی لایه‌نگرانیان، دۆخیان له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا باشتر ده‌بێت، بگره‌ گه‌شه‌یان كردووه‌، بۆیه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندییاندا نییه‌ كه‌ هه‌ڵبژاردن نه‌كرێت و له‌م پرسه‌دا ناتوانن بچنه‌ پاڵ یه‌كێتیی نیشتمانی، زانیاری هه‌یه‌ كه‌ ئه‌نكه‌ره-‌ش ده‌ستێكی له‌ سه‌نگه‌ربه‌ندییه‌ سیاسییه‌كانی هه‌رێمدا هه‌یه‌، به‌تایبه‌تی كه، هه‌ر‌ وه‌ك توركیا زۆرجار رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌ په‌یوه‌ندیی نێوان یه‌كێتیی نیشتمانی و PKK و یه‌كێتیی نیشتمانی و هه‌سه‌ده‌ ئاسووده‌ نییه‌، بگره‌ به‌ كرده‌یی سزای سیاسی و ئابووریی سنوری نفوزی یه‌كێتیی نیشتمانی، ده‌دات‌.

– گره‌وی سێیه‌می یه‌كێتیی نیشتمانی، له‌سه‌ر هه‌ڵوێستی بیانییه‌كانه‌ كه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمدان، به‌و ئومێده‌ی فشار له‌ پارتی بكه‌ن و بیهێننه‌ پای جێبه‌جێكردنی هه‌ندێ له‌ داواكارییه‌كانی یه‌كێتی. له‌مه‌دا، راسته‌ هه‌ندێ پاڵه‌په‌ستۆو داواكاری له‌سه‌ر پارتی هه‌بووه‌ بۆ گفتوگۆ و رێككه‌وتن، به‌ڵام نوێنه‌رانی وڵاتان، به‌گشتی، ناچنه‌ ناو ورده‌كاریی كه‌یسی ململانێكانی نێوان هه‌ردوولاوه‌ و لایه‌نگیرییش ناكه‌ن، به‌ڵام له‌پرسی هه‌ڵبژاردندا لایه‌نگری دواخستنی ئه‌م پرۆسه‌یه‌ نین، ئه‌مه‌ش گره‌وه‌كه‌ی یه‌كێتیی نیشتمانیی ئاڵۆز كردووه‌.

– گره‌وی چواره‌می ئه‌م هێزه‌ سیاسییه‌ بریتییه‌ له‌ كارتی دوو ئیداره‌یی، یان به‌ستنه‌وه‌ی كارگێڕی و داراییانه‌ی پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ حكومه‌تی فیدراڵییه‌وه‌. ئه‌م گره‌وه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی زه‌مینه‌سازی ته‌شریعی و ده‌ستكاری كردنی یاساكانی ده‌وێت، هاوكات له‌به‌ر ئه‌وه‌ی نفوزی پارتی دیموكرات له‌ به‌غداشدا هاوسۆزی نییه، به‌تایبه‌تی كه‌ حكومه‌تی سودانی، له‌بنه‌ڕه‌تدا، به‌ به‌شداری پارتیی دیموكرات پێكهاتووه‌‌، ئه‌وا زیاتر وه‌ك گره‌وێكی سیاسی ماوه‌ته‌وه‌ به‌ڵام ئیستیجابه‌ی له‌ به‌رامبه‌ردا نییه‌، له‌وه‌ش زیاتر پارتی دیموكرات نه‌رمی زۆری بۆ حكومه‌ته‌كه‌ی سودانی ده‌ربڕیوه‌، هاوكات كار له‌سه‌ر رازیكردنی تاران و جێبه‌جێكردنی داوا سیاسییه‌كانی ده‌كات له‌ هه‌رێم سه‌باره‌ت به‌ ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی‌، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ خودی یه‌كێتیی نیشتمانی خۆیشی، ئه‌م پرسه‌، زیاتر وه‌ك كارتێكی فشار ده‌جوڵێنێت ده‌نا وه‌ك پرۆژه‌یه‌ك كه‌ فۆرمۆڵه‌ی واقعی ئیداریی هه‌رێم بكاته‌وه‌ له‌گه‌ڵ به‌غدادا، كاری له‌سه‌ر نه‌كردووه.

به‌و مانایانه‌ی سه‌ره‌وه‌، یه‌كێتیی نیشتمانی، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان، ناچاره‌ كه‌ یان ئازاری بژارده‌ی دووه‌می پارتی قبوڵ بكات كه‌ ململانێكردنه‌ له‌گه‌ڵیدا به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاسۆیه‌ك دیار بێت كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیدا بشكێته‌وه‌، یان ئه‌وه‌تا ده‌چێته‌ رێككه‌وتنێكی نوێی سیاسییه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارتیدا كه‌ تیایدا ناڕاسته‌وخۆ دیفاكتۆی پارتی قبوڵ بكات، یان ئه‌وه‌تا بژارده‌ی خۆی تاقی ده‌كاته‌وه‌ كه‌ پشت به‌ستنه‌ به‌ پرۆژه‌یه‌كی‌ مومكینی خۆ رێكخستنه‌وه‌و ریفۆرمكردنی خێرای دۆخی ناوخۆیی خۆی و ریزه‌كانی.

ئه‌م بژارده‌یه‌، ئه‌گه‌رچی، وا ده‌رده‌كه‌وێت كه‌ له‌ هه‌ردوو بژارده‌یه‌كی تر، گونجاوترو به‌شكۆتر بێت، به‌ڵام كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ رێیدا كاته‌. یه‌كێتیی نیشتمانی ده‌یتوانی پێش ساڵێك ئه‌م بژارده‌یه‌ی جێبه‌جێ بكردایه‌، كه‌ نه‌یكردووه‌، له‌ ئێستادا ئاسان نییه‌ كه‌ به‌ هه‌نگاوی ماراسۆنییانه‌ش فریای كۆكردنه‌وه‌ی خۆی و ئاشتكردنه‌وه‌ی كادیرو ئه‌ندام و لایه‌نگرانی تۆراوی خۆی بكه‌وێت.، ئه‌مه‌ ده‌وترێ به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌م گره‌وه‌ به‌های خۆی بدۆڕێنێت، به‌تایبه‌تی كه‌ هه‌ندێجار، له‌ سیاسه‌تدا، رووداوی له‌ناكاو و چاوه‌ڕواننه‌كراویش هه‌یه‌.

حکومەتی هەرێم: پابەندی هیچ بڕیارێک نابین جگە لەو رێککەوتنەی پێشتر لەگەڵ حکومەتی عێراق کراوە
پێشت حکومەتی هەرێم: پابەندی هیچ بڕیارێک نابین جگە لەو رێککەوتنەی پێشتر لەگەڵ حکومەتی عێراق کراوە
ئۆکراین، شەڕی پارتیزانی دەکات
دواتر ئۆکراین، شەڕی پارتیزانی دەکات
پەیوەندیدار