ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی رایگەیاند، دەبێت پەیوەندیی لایەنە سیاسییەکان زیاتر گەشەی پێبدرێت و هەڵبژاردن لەوە زیاتر دوانەخرێت، پێویستیشە هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردو سەردەمیانە و دوور لەدەستوەردان ئەنجام بدرێت.
حاکم قادر حەمەجان، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسیی و بەرژەوەندییەکانی یەکێتی سەردانی کۆمەڵەی پێشمەرگە دێرینەکانی کوردستانی کردو لەلایەن جەمیل ھەورامی سەرۆكی كۆمەڵەكەو جێگر و ئەندامانەوە پێشوازی لێكراو وێڕای بەرزنرخاندنی ڕۆڵی هێزەکانی پێشمەرگەی كوردستان و پێشمەرگە دێرینەکان ڕایگەیاند:” لایەنە سیاسییەکانی هەرێم نەیانتوانیوە لە ئاست شکۆی پێشمەرگە دێرینەکان و شەھیدان و کەمئەندامانی سەنگەردابن و بتوانن خزمەتیان بکەن.”
وتیشی، “پێویستە هەموو پێشمەرگەیەکی دێرین یەکەی نیشتەجێبوونیان بۆ دابینبکرێت و ئەرکی حکومەتی هەرێمە پڕۆژەیاسایی ماف و ئیمتیازات بۆ پێشمەرگە دێرینەکان بخاتە بواری جێبەجێکردنەوە، پەرلەمانیش دەنگ لەسەر پڕۆژەكە بدات و بیکات بە یاسا”
لەبارەی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان یەکێتی و پارتی راشیگەیاند:”گەلی کوردستان پێویستی بە یەکگرتووییە، چونکە ئاڵەنگارییەکانی بەردەممان گەورەن، گرنگیشە ڕێگە نەدرێت ناکۆکی نێوان لایەنەکان گەورەتر بکرێت بە پێچەوانەوە هەوڵبدرێت سازانێک بهێنرێتە کایەوە کە خزمەت بە گەشەپێدان و نیشتیمان و بەرژەندییە باڵاکانی گەلەکەمان بکات”.
راشیگەیاند:”پێشوازی و پشتیوانی لە هەر دەستپێشخەرییەکی ئاشتی دەکەین کە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوخۆی نێوان لایەنەکان بدرێت چ لەسەر ئاستی هەرێم، چ لەسەر ئاستی عێراق.”
ھەروەھا بـە پێویستیزانی گوێ لە پێشنیازەکانی ھاوپەیمانان و دۆستەکانمان بگیرێت و هەڵبژاردن لەوە زیاتر دوانەخرێت، چونکە هەڵبژاردن مافێکی ڕەوای گەلی کوردستانەو یەکێتی هەمیشە لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردندایە لەکاتی خۆیدا، بەڵام دەبێت هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەردو سەردەمیانەو دوور لە دەستێوەردان ئەنجام بدرێت.
لە بارەی دۆخی ناوخۆی یەکێتیشەوە رایگەیاند:”ھەوڵدان بۆ ڕێکخستنەوەی ناو ماڵی یەکێتی زیاتر حزبەكەمان بەھێز دەكات و هەموومان پێکەوە دەتوانین خزمەتی بکەین، چونکە هەمیشە یەکێتی بە تەبایی و یەكگرتووی سەركەوتوو دەبێت.”