لەگەڵ ئەوەی ئەمساڵ بەرهەمی گەنم زۆرە، بەڵام حکومەتی عێراقی کەمترین بڕی گەنم لە جوتیارە کوردەکان وەردەگرێت.
ئەمساڵ وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بڕی ٣٧٥ هەزار تۆن گەنم لە جوتیارانی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت، لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو ٣٢٢ هەزار و ٣٨٧ تەن و ٤٠ کیلۆ گەنم وەرگیراوە.
لە ڕۆژی شەممەوە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران دەستپێدەکات.
ئەمساڵ جیاواز لە ساڵانی ڕابردوو بڕی گەنمەکە لە هەر جوتیارێک لەلایەن وەزارەتی کشتوكاڵی عێراقەوە دیاریکراوە، لە هەر دۆنمێک ١٥٠ بۆ ٢٠٠ کیلۆ گەنم لە جوتیارەکان وەردەگیرێت، ئەمەش بە وتەی جوتیارەکان و بەرپرسەکانیش ستەمە لە جوتیارە کوردەکان دەکرێت.
لە کاتێکدا جوتیارەکانی عێراق لە هەر دۆنمێک تۆن و نیوێک بۆ دوو تۆن گەنم وەردەگیرێت.
لەو بڕە گەنمەی لە ئەمساڵ لە جوتیاران وەردەگیرێت، ١١٥ هەزار تۆن لە هەولێر، ١٦٠ هەزار تۆن لە سلێمانی، ١٠٠هەزار تۆن لە دهۆک، بۆ هەر تۆنێک حکومەتی عێراقی ٨٦٠ هەزار دینار دەداتە جوتیار.
ئەمساڵ زیاتر لە سێ ملیۆن دۆنم زەوی لە هەرێمی کوردستان بە دانەوێڵە چێندراوە، پێشبینی دەکرێت بەرهەمی گەنم و جۆی ئەمساڵ زیاتر لە نیو ملیۆن تۆن بێت.