کورد لەنێو بەرداشەکانی تورکیادا!



ئارێز عەبدوڵا

هەرچەندە ئابووریی تورکیا داتەپیوە و باری ژیانی خەڵکی، بەتایبەت کەمدەرامەتەکان زۆر گران و نالەبارە، بەڵام هێشتا لە هەڵمەتی هەڵبژادن نەک چاکردنی باری ژیانی خەڵک و بوژاندنەوەی ئابووری ئامانجی سەرکین، بەڵکو دروشمە بریقەدارە نەتەوەیی و نەژادپەرستییەکان هەژموونیان هێندە کارا و کاریگەرە کە تایی تەرازووی ململانێی هەڵبژاردن دەگۆڕن.
لەم هەڵبژاردنەدا کێبڕکێ لەسەر بەرزکردنەوە و  پیشاندانی کێرڤی تورکچێتی و دژایەتیکردنی گەلانی ترە، بەتایبەت کورد. تەنانەت نەژادپەرست و توند ڕەوەکان وەک یەک لە هەردوو بەرەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات بە یەک ئاواز دەخوێنن و  ئاو لە ئاشی دەوڵەتی ڕەگەزپەرست دەکەن! هەرچەندە لە هەڵبژاردنی پەرلەمان کورد بەرەیەکی سەربەخۆبوو، بەڵام سەرکردەکانیان بەئاشکرا پشتیوانی خۆیان بۆ کەمال کلیچدار ئۆغلو دەربڕی. ئەوەش لەبەر ئەوە نا کە کلیچدار ئۆغلو ئامانجەکانیان بەدیدێنێ یان دەبێتە فریادرەس، بەڵکو بۆ ئەوەی لەلایەک مەترسی دیکتاتۆریەتی ئەردۆگان نەهێڵن و لەلایەکی دیکەش تۆڵەی سیاسەت و کردەوەکانی لێبکەنەوە.
سەیر لەوەدایە لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستەی هەدەپەی کوردی بەشێک لە نەیارە سەرسەختەکانی ئەردۆگان دەنگیان بەکاندیدی سێیەمدا، یان هەر دەنگیان نەدا، تەنانەت ئاماژە هەیە کە بەشێکیان دەنگیان بە ئەردۆگانیش دابێ!
لایەنە سیاسیەکانی تورکیا کلیچدار ئۆغلو بە کورد و عەلەوی دادەنێن، بۆیە بەلای شۆفینیست و توندڕەوەکان کە زۆرینەی شەقامی تورکی پێکدەهێنن نەنگییە دەنگی پێبدەن، بەڵام بەلایانەوە ئاساییە  لەبەرامبەریدا دەست بۆ ئەردۆگانێک بەرزبکەنەوە کە لە ڕووی ئابووری و کۆمەڵایەتی تاسەر ئێسکان لێی پەستن.
مەراڵ ئەکشەنەر بەئاشکرا دژی چارەسەرکردنی کێشەی کوردە و هەر لەسەرەتاشەوە دژی ئەوە بوو کە کلیچدار ئۆغلو ببێتە کاندیدی شەش لایەنە سەرەکییەکەی ئۆپۆزسیۆن. ئەو هەڵوێستەی ئەکشەنەر و هاودیدەکانی کاریگەری خراپیان کردە سەر شەقامی ئۆپۆزسیۆن. لەلایەکی دیکەش مەرجی سەرەکی مەهەپە بەسەرۆکایەتی دەوڵەت باخچەلی بۆ پشتیوانی کردنی لە ئەردۆگان ڕووبەڕووبونەوەی کوردە، نەک تەنیا لە تورکیا، بەڵکو لە ڕۆژئاوا و باشوری کوردستانیش.
ئێستا کورد لە نێو بەرداشی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات دەهاڕدرێ و لێدوان و هەڵوێستە گۆڕاوەکانی ئەو دوایەی کلیچدار ئۆغلۆش بەمەبەستی ڕاکێشانی سەرنجی نەژادپەرستەکانی تورک بە ئاشکرا دیارە.
لەسەرەتادا ئەردۆگان بیری لە ڕاکێشانی هەدەپە بەلای خۆیدا کردەوە، بەڵام ئەو لە نێوان هەدەپە و مەهەپە دووەمیانی هەڵبژارد. کلیچدار ئۆغلو لە نێوانی هەڵبژاردنی هەدەپە و مەرال ئەکشەنەر بە میانڕەوی هەڵسوکەوتی کرد، ئەنجام دەنگی کوردی بەدەستهێنا، بەڵام رێژەیەکی دیاری دەنگی تورکیشی لەدەستدا. ئەو گەمە سیاسیەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات ئاساییە، بەڵام ئەگەر بەلۆجیکی سیاسی سەردەم و پێوەرە مرۆڤایەتیەکان بابەتەکە هەڵسەنگێنین دەبینین هاوکێشەیەکی گالتەجارییە و لەو نێوانەشدا کورد قوڕبانییە، چونکە بەرداشی هەردوو لایەنەکە بە وزە و هەژموونی تورکچێتی دەگەڕێ.
٢٨ی ئەم مانگ گەڕی دووەمی هەڵبژاردنە، ئەوەی دیارە ئەردۆگان لە پێشەوەیە، ئایا ئەگەر بیباتەوە قۆناغی هەڵمەتی هەڵبژاردن تێدەپەڕێنێ و بە بەرپرسیاریەتیەوە سەیری کێشەکانی ناو تورکیا بەگشتی و کورد بە تایبەتی دەکات یان رق ئەستورتر دەبێ و تۆڵە دەکاتەوە؟
بەش بە حالی خۆم هیچ تروسکایەکی ئومێد لە ئەردۆگان نابینم، هەرچەندە سەرکردەیەکە دەتوانێ بڕیاری گرنگ بدات و گۆڕانکاری گەورە بکات.
باشە ئەگەر کلیچدار ئۆغلو بیباتەوە چی بۆ کورد دەکات؟
ئەگەر بشیەوێ کارێک بکات، بەدڵنیاییەوە ناتوانێ یەک هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە باوێ، بەڵام قۆناغێکی نوێ دێتە پێشەوە و سەردەمی هەژموونی ئەردۆگانیەت بەسەر دەچێ، کە ئەوەش لە بەرژەوەندیی گەلانی تورکیا و وڵاتانی دەر و دراوسێشە.

سوپای عێراق بە چەکەوە گەمارۆی کامپی مەخموریان داوە
پێشت سوپای عێراق بە چەکەوە گەمارۆی کامپی مەخموریان داوە
کاتارا، قەتەر.. ڕووگە گەشتیاری و کلتوورییەکەی کەنداو
دواتر کاتارا، قەتەر.. ڕووگە گەشتیاری و کلتوورییەکەی کەنداو
ەیوەندیدار