٥٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا قوربانی و گیرۆدەی “کۆیلایەتی مۆدێرن”ن



ڕاپۆرتێکی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی بە ناوی “واڵک فری”، ئاماژە بەوە دەدات، “کۆیلایەتی مۆدێرن”، پەنجا ملیۆن مرۆڤی لە سەرانسەری جیهاندا کردووەتە قوربانی.

 

خەمڵاندنەکانی دوایین پێوەرەکانی کۆیلایەتی جیهانی ڕێکخراوی واڵک فری، کە ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٤ی ئایاری ٢٠٢٣ لە لەندەن بڵاوکرایەوە، ئاماژە بەوە دەکات، ژمارەی ئەو کەسانەی کە بوونەتە قوربانی دەستی کۆیلایەتی مۆدێرن لە ساڵانی ڕابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.

 

بەگوێرەی پێوەرێک کە رێکخراوەکە زانیارییەکانی لەسەر بنیاتناوە، نزیکەی ٥٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا گیرۆدە و قوربانی کۆیلایەتی مۆدێرنن، کە بە بەراورد بە پێنج ساڵ لەمەوبەر، ژمارەکە ١٠ ملیۆن زیادیکردووە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەو کەسانەی بەهۆی هەژاری، ململانێ و ڕووداوە نەخوازراوەکان و گۆڕانی کەشوهەوا لە ماڵەکانیان دەردەچن، مەترسی تایبەتیان لەسەرە بۆ ئیستغلالکردن.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، سنووردارکردنی جیهانی بۆ مافەکانی ژنان، هەروەها کاریگەرییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی پەتای کۆڤید-١٩، دۆخەکەی خراپتر کردووە.

 

لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە کۆیلایەتی مۆدێرن زیاتر لە کۆریای باکوور و ئێریتریا و مۆریتانیا بڵاوبووەتەوە.

 

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە هیندستان ١١ ملیۆن کەس و لە چین ٥ ملیۆن کەس و لە ڕووسیا یەک ملیۆن و ٨٠٠ هەزار کەس بە هۆکاری جیاجیا ئیستغلال دەکرێن و لەچوارچێوەی ویستراودا کەس و کۆمەڵەکان مامەڵەیەکی نادروستیان لەگەڵ دەکەن.

ئەوەشخراوەتەڕوو، کۆیلایەتیی مۆدێرن لە هەموو وڵاتێکی جیهاندا بوونی هەیە و نیوەی هەموو کەیسەکانی کرێکاری زۆرەملێ و چارەکێکی هاوسەرگیریی زۆرەملێ لە وڵاتانی مامناوەند و داهات بەرزدایە.

 

هەر لە راپۆرتەکەدا باس لەوەش کراوە کە لە هەر هەزار کەسێک، چوار یاخود پێنج کەسیان رووبەڕووی کۆیلایەتی دەبنەوە. لەوانە لەسەدا ٧١-یان ئافرەت و کچن. لە سەدا ٢٩-شیان لە رەگەزی پیاون.

سەرچاوە؛ DW

 

هێرش کرایە سەر ناوچەی بیلگراد لە ڕووسیا
پێشت هێرش کرایە سەر ناوچەی بیلگراد لە ڕووسیا
بودجەی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون تەرخان دەکرێت
دواتر بودجەی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون تەرخان دەکرێت
ەیوەندیدار