بودجەی تایبەت بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون تەرخان دەکرێت


سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، زیاتر لە دوو ملیار دینار بۆ بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون تەرخان دەکات.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لە چوارچێوەی گرنگیدانی کابینەی نۆیەم بە سێکتەری کشتوکاڵ، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ڕەزامەندیی دا لەسەر خەرجکردنی بڕی ٢ ملیار و ٧٧١ ملیۆن دینار، بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستییەکانی ڕووبەرووبوونەوە و کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، بۆ پاراستنی سامانی ئاژەڵ و تەندروستیی گشتی لە ھەرێمی کوردستان.
ئەوەش خراوەتەڕوو ئەم بڕە پارەیە لەسەر بودجەی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو خەرج دەکرێت.
نەخۆشی تای خوێنبەربوون، لە رێگەی زیندەوەرێكی بچووكەوە، كە ناوی (گەنە)یە، لە ئاژەڵەوە هەڵیدەگرێت و دەیگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، لە زۆرینەی حاڵەتەكاندا نەخۆشییەكە لەسەر ئاژەڵ دەرناكەوێت، بەڵام كاریگەری لەسەر تەندروستی مرۆڤ دەكات.

شێوازەكانی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون:

یەكەم: ئەگەر مرۆڤ دەست لەو (گەنە)یەی بە جەستەی ئاژەڵەوەیە بدات، یان خوێنی ئەو زیندەوەرە بچوكە بەر مرۆڤ بكەوێت، ئەوا تووشی نەخۆشییەكە دەبێت.
دووەم: ئەگەر ئاژەڵێكی تووشبوو بە تای خوێنبەربوون سەرببڕدرێت و خوێنەكەی بەر مرۆڤ بكەوێت، ئەوا مرۆڤ تووشی نەخۆشییەكە دەكات.
بەڵام شیر و گۆشتی ئاژەڵێك، كە تووشی تای خوێنبەربوون بووبێت، بە كوڵاندن ڤایرۆسەكەی تێدا نامێنێت.

تای خوێنبەربوون لەماوەی 3 بۆ 14 رۆژدا نیشانەكانی دەردەكەوێت، كە گرنگترینیان بریتییە لە:

1- بوونی تایەكی بەرز.
2- هەبوونی ئازاری ماسولكە و ئێسكەكان.
3- بێهێزبوون.
4- هەستكردن بە گێژبوون.

چارەسەری نەخۆشییەكە:

بۆ چارەسەركردنی نەخۆشەكە پێویستە، پشكنینی خوێن بۆ نەخۆش بكرێت و جیابكرێتەوە لە نەخۆشی دیكە، چونكە ئەگەری زۆرە بەهۆی پاشەڕۆوە، نەخۆشییەكە بگوازرێتەوە بۆ كەسانی دیكە.
ئەو نەخۆشانەی بەهۆی تای خوێنبەربوونەوە، تووشی كەمخوێنی دەبنەوە، پێویستە بەزوویی خوێنیان بۆ دابینبكرێت، ئەو نەخۆشانەش كە نیشانەی سكچوون و رشانەوەیان هەیە، بۆ چارەسەركردنیان و پاراستنیان لە وشكبوونەوە دەرمانی پێویستیان پێدەدرێت.

ڕێكارەكانی خۆپارێزی لە نەخۆشییەكە:

1- دووركەوتنەوە لە كڕینی گۆشتی ئاژەڵی سەرشەقامەكان و سەربڕینی ئاژەڵ لەسەر شەقامەكان.
2- ئەو كەسانەی گۆشت دەفرۆشن (قەسابەكان) پێویستە دەستكێش و پۆشاكی تایبەت بەكاربهێنن.
3- بەكارهێنانی دەرمانی دژە مێروو، بۆ ئەو شوێنانەی ئاژەڵیان تێدا بەخێودەكرێت، بۆئەوەی ئاژەڵەكان نەبنە هەڵگری نەخۆشییەكە.
4- دووركەوتنەوە لەو شوێنانەی كە پێدەچێت گەنە و مێرووەكانی تێدابێت.
5- پێویستە پاشماوەی سەربڕینی ئاژەڵ بە شێوەیەكی هەڕەمەكی فڕێنەدرێتە سەر شەقام و كۆڵانەكان، دەبێت پاشماوەكان بەگوێرەی رێنماییە تەندروستییەكان لەناوببرێن.
٥٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا قوربانی و گیرۆدەی “کۆیلایەتی مۆدێرن”ن
پێشت ٥٠ ملیۆن کەس لە جیهاندا قوربانی و گیرۆدەی “کۆیلایەتی مۆدێرن”ن
ناتۆ: سوپای عێراق یەكێكە لە سوپا بەهێزەكانی ناوچەكە
دواتر ناتۆ: سوپای عێراق یەكێكە لە سوپا بەهێزەكانی ناوچەكە
پەیوەندیدار