هەندرێن محەمەد: بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمسیۆن یاساییە و دەبێت جێبەجێ بکرێت



سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و ڕاپرسی لەهەرێمی کوردستان جەختدەکاتەوە لەجێبەجێکردنی “بڕیاری” دوێنێی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بۆ کاراکردنەوەی کۆمسیۆنەکەیان و دەڵێت بڕیارەکە یاساییە.

هەندرێن محەمەد، سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم، کە سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، “ئێمە دامەزراوەییانە کاردەکەین، بۆیە ئەوەی کە بڕیارە و دەرچووە هەر دەبێت ئەوە جێ بەجێ بکرێت، وە ئەندامانی کۆمسیۆنیش زۆربەیان یاسایین و ئەوە باش دەزانن.”

کۆمسیۆن هەڵبژارنەکانی هەرێم لە نۆ ئەندام پێکهاتوە و بەم شێوەیە دابەشکراوە: سێ ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، دووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ، دووی بزوتنەوەی گۆڕان، یەکی یەکگرتووی ئیسلامی ، و یەکی کۆمەڵی دادگەری.

گرژییەکانی ناو پەرلەمان

ڕۆژی دووشەممە (٢٢-٥-٢٠٢٣) پەرلەمانی هەرێم کۆبونەوەیەکی ئەنجامدا تا دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتارانی کۆمەڵی دادگەری و خوێندنەوە بۆ دوو پڕۆژە یاسا بخاتە دەنگدانەوە. بەڵام هەرزوو بەهۆی سووربوونی فراکسیۆنی پارتی لەسەر زیادکردنی بڕگەی کاراکردنەوەی کۆمسیۆن بۆ کارنامەی دانیشتنەکە، گرژی لەنێوان پەرلەمانتارانی یەکێتی و پارتی دروستبوو.

سەرۆکی پەرلەمان کە لەپشکی یەکێتییە، لە دەستپێکی کۆبونەوەکە ڕایگەیاند دانیشتنەکەی بۆ کاتێکی نادیار هەڵگرت، بەڵام جێگری سەرۆکی پەرلەمان کە لەپشکی پارتییە لەگەڵ سکرتێری پەرلەمان ڕایانگەیاند ئەوان درێژەبە کۆبونەوەکە دەدەن.

دوای ئاڵۆزیەکە پارتی ڕایگەیاند کە بە کۆی دەنگی ٥٨ پەرلەمانتار بڕیاردرا لەسەر کاراکردنەوەی کۆمسیۆن، بەڵام یەکێتی ئەمە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت بڕیارێکی وەها هیچ دەسەڵاتێکی یاسایی نییە.

هەرچەندە فراکسیۆنی یەکێتی رەتیدەکاتەوە دەگ درابێت، بەڵام سەرۆکی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی هەرێم سورە لەسەر ئەوەی هەنگاوەکە یاسایی یە و دەڵێت، “ئەوەی کە بەدەست ئێمە گەیشتووە بڕیاری ژمارە ١٠ی ساڵی ٢٠٢٣ یە، واتە بڕیارە و لەپەرلەمانی هەرێم دەرچووە.”

لە ئەگەری ناڕازیبوونی ئەندامانی تری کۆمسیۆن بەم بڕیارە، هەندرێن محەمەد ڕایگەیاند، “ئەگەر بە دابەشکاری حزبی لێکبدرێتەوە، ڕەنگە پارتی زەرەری بێت، چونکە ئەو کۆمسیۆنە لە بنەڕەتدا لەسەر بنەمای ژمارەی کورسییەکانی هەڵبژاردنی پێشوتر دروست بووە.”

سەرەڕای ڕەتنەکردنەوەی ئەم ئەگەرە، سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان وتی، “ئێمە دامەزراوەییانە کاردەکەین، بۆیە ئەوەی کە بڕیارە و دەرچووە هەر دەبێت ئەوە جێ بەجێ بکرێت، وە ئەندامانی کۆمسیۆنیش زۆربەیان یاسایین و ئەوە باش دەزانن.”

ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردن

وتیشی، “بڕیارەکە تازە هاتووە. ئێمە لە هەفتەی داهاتوو کۆبونەوە دەکەین و وای بۆناچم هیچ گرفتێک دروست ببێت. ئەو بەڕێزانەی لە پشکی لایەنەکانی تر لەگەڵ ئێمەن ئەوە حەوت ساڵ هەشت ساڵە ئیش دەکەین کاری دامەزراوەییان کردووە و لەیاساش باش دەزانن باوەڕناکەم هیچ بۆچونێکی وایان هەبێت.”

بەپێی ئەو وادەیەی سەرۆکی هەرێم دیاریکردووە، ١٨ی مانگی ١١ی ئەمساڵ ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمە. بەوپێیەش کەمتر لە شەش مانگ لەبەردەم ڕۆژی هەڵبژاردن ماوە.

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا کۆمسیۆن دەتوانێت لەم ماوەیە هەموو ئامادەکارییەکانی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردن تەواو بکەن، هەندرێن محەمەد ڕایگەیاند، “شەو دەکەینە سەر ڕۆژ بۆ ئەوەی کارەکانمان بکەین. وای بۆ دەچم ئەو ماوەیەی ماوە لەبەردەممان گونجاو بێت بۆ ئامادەکارییەکان.”

دادگای فیدڕاڵی کێشەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێدەکات
پێشت دادگای فیدڕاڵی کێشەکانی هەرێمی کوردستان تاوتوێدەکات
كامێرای سەرپێچی هاتووچۆ لەم شوێنانەی هەولێر دەكەونەكار
دواتر كامێرای سەرپێچی هاتووچۆ لەم شوێنانەی هەولێر دەكەونەكار
ەیوەندیدار