ئەندامێكی پەرلەمانی عێراق وادەی پێشکەشکردنی بودجە لە لایەن حكومەتەوە بە پەرلەمان و دەنگدان لەسەری دیاری دەكات.
ڕەفیق ساڵحی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە (ارث نیوز)ی ڕاگەیاندووە، “حکومەتی پێشووی کازمی نەیتوانی بودجەیەک بۆ ئەمساڵی 2022 ئامادە بکات، هەربۆیە بودجەی داهاتوو بۆ ساڵی 2023 گرنگە”.
ڕاشیگەیاندووە، هەموو پارێزگار و وەزارەتەکان پێداویستییەکانیان لەڕووی پڕۆژە و ئەوانی ترەوە بەرزکردۆتەوە و لە بودجەدا جێگیر كراوە.
وتیشی، “بودجەی ساڵی 2023 بودجەیەکی گرنگە، ئێستاش وەزارەتی دارایی بەردەوامە لە ئامادەکارییەکانی، کە بەهەمان شێوە جێگیرکردنی گرێبەستەکان لەخۆدەگرێت”.
ئاماژەی بەوەشکردووە، سێ شەممەی داهاتوو، بودجە دەخرێتە بەردەم پەرلەمان و لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەست دەکرێت بە گفتوگۆکردن و ئامادەکاری و دەنگدان لەسەری.
ئەمە لەكاتێكدایە، كە لە ئێستا شاندێكی باڵای حكومەتی هەرێم سەردانی بەغدای كردووە و لەگەڵ سەرۆك وەزیران و لایەنەكان و وەزارەتەكان لە كۆبوونەوەدایە بۆ جێگیركردنی پشكی هەرێمی كوردستان لەناو یاسای بودجە.