كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق سەبارەت بە داوای (233/ فیدڕاڵی 2022) سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان وەڵامی دادگای باڵای فیدڕاڵی دەداتەوە و ڕایدەگەیەنێت، كە كۆمسیۆنەكەیان دەسەڵاتی تایبەتی هەیە بۆ هەڵبژاردن لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە.
لە ساڵی ڕابردوودا لە دادگای فیدڕاڵی سكاڵا تۆماركرا لەسەر درێژكردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی كوردستان و دواخستنی هەڵبژاردن لە هەرێم.
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق لەوەڵامەكەیدا بۆ دادگای فیدڕاڵی ئەوەی ڕوون كردۆتەوە، بەپێی یاسای كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق، دەسەڵاتی كۆمسیۆنە دانانی بڕیار و ڕێنمایی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكان و ڕاپرسی لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمەكان و ناوخۆیی پارێزگاكان لەپێناو بەڕێوەچوونی بەشێوەی دادپەروەرانە و پاكی و بێگەردی.
ڕوونیشی كردۆتەوە، “هەر بەپێی یاساكە، ئەنجوومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی عێراق دەسەلاتی حەسری هەیە بۆ چارەسەر كردنی ئەو ناكۆكیانەی ڕوودەدەن لە دانان و جێبەجێ كردنی هەڵبژاردنەكانە نیشتیمانییەكان تەنانەت لەسەر ئاستی هەرێمەكان و پارێزگاكانیش”.
كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بۆ دادگای فیدڕاڵی وتویەتی، “دەستەی هەڵبژارردنەكانی هەرێم بە هەماهەنگی و هاوكاری لەگەڵ نووسینگەی نیشتمانی هەڵدەستێت بە كاری سەرپەرشتی كردنی هەڵبژاردنەكانی تایبەت بە هەرێم و لەژێر چاودێری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان”.
جەختیشی كردۆتەوە، كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان ئەوەی پەیوەست بێت بە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی هەرێم ڕۆڵی دەبێت بۆ ئامادەكردن و دەركردنی ڕێنمایی بۆ هەڵبژاردنەكان و ڕێكخستن و چاودێری كردنی.
كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكانی عێراق لە وەڵامەكەیدا بۆ دادگای فیدڕاڵی باسی لەوەكردوە، “دەتوانن هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رێكبخەن و سەرپەرشتیشی بکەن”.