وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان دەڵێت؛ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ٥٨ پەرلەمانتار کارا کرایەوە.
پێشەوا هەورامی، وتەبێژی فراکسیۆنی پارتی، لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی کوردستان ٢٤ ڕایگەیاندووە؛ “ئەم هەنگاوەی ئەمڕۆ کۆتایی بەو مشتومڕانە هێنا کێ لەگەڵ ئەنجامدان و ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنە”.
لەبارەی گرژییەکانی نێو پەرلەمانیشدا ئاماژەی بەوەکرد، وەکو کارێکی ئاسایی پەرلەمانیی لێی دەروانن و “ئەو جۆرە رووداوانە لەنێو پەرلەماندا هەر روودەدەن.”
دوای دروستبوونی گرژی لە نێوان پەڕلەمانتارانی یەکێتی و پارتی لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان، بەدەنگی ٥٨ پەرلەمانتار کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کارا کرایەوە.
لە کۆبوونەوەی رۆژی دووشەممە ٢٢ – ٥ – ٢٠٢٣ سەرۆکی پەرلەمان و فراکسیۆنی یەکێتی و گۆڕان بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکرد و ئاڵۆزی لەنێو هۆڵی پەرلەمان دروستبوو.
د. ڕێواز فایەق سەرۆکی پەڕلەمان لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا وتی: “لەپێناوی پاراستنی یەکڕیزی نیشتمانی و کۆدەنگی هێزە سیاسییەکان بڕیارمدا ئەو دەسەڵاتە رەهایەی خۆم بەکاربهێنم کە لە بڕگەی ٣ی مادەەی ١٨ هاتووە، کۆبوونەوەی ئەمڕۆ دوادەخەم بۆ کاتێکی تر”.
لە وەڵامدا هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتی: “ئەوە دەمارگیرییە و هەر پەرلەمانتارێک لەگەڵ بەردەوامبوونی کۆبوونەوەیە دەست بەرزکاتەوە”.