شاندی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ بزوتنەوەی گۆڕان لە هەولێر كۆبووەوە و ڕایانگەیاند، دەبێت هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بكرێت.
فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی پارتی سەرۆكایەتیی شاندەكەی پارتی دەكرد و مستەفا سەید قادر، جێگری سەرۆكی هەرێم سەرۆكی شاندی گۆڕان بووە و گفتوگۆ لەسەر هەمواری سایای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و كاراكردنەوەی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی، كراوە.
دوابەدوای كۆبوونەوەكەش، جەعفەر ئیمێنكی، بەرپرسی مەكتەبی پەیوەندییەكانی پارتی و كاردۆ محەمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەوانی هاوبەشیان سازكرد.
جەعفەر ئیمێنكی ڕایگەیاند، هەریەك لە پارتی و یەكێتی و گۆڕان لەبارەی پرسی هەڵبژاردن و بابەتە چارەنووسسازەكان هاوڕان و لێكنزیكبوونەوەیەكی زۆر لەنێوانیاندا هەیە و هەموو لایەك كۆكن لەسەر ئەوەی هەڵبژاردن لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا بەڕێوەبچێت.
لای خۆشیەوە، كاردۆ محەمەد، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزوتنەوەی گۆڕان ئاماژەی بەوەكرد، بزوتنەوەكەیان لەگەڵ ئەوەیە هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەر بەڕێوەبچێت.
وتیشی، “دەبێت كار بۆ بچووككردنەوەی درزی نێوان لایەنەكان بكەن، بۆ ئەوەی بتوانن پڕۆسەیەكی هەڵبژاردن بەڕێوەببەن، كە ئەنجامەكانی لە خزمەت بەرژەوەندیی هەموو خەڵكی كوردستاندا بێت”.
ئەوەش لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ هەردوو مەكتەب سیاسی پارتی و یەكێتی لە پیرمام كۆبوونەوە، بەڵام نەگەیشتنە ڕێككەوتنی كۆتایی و ڕایانگەیاند، “هەندێك بابەتی دیكە، كە پێویستییان بە گفتوگۆی زیاتر هەیە، لە كۆبوونەوەكانی ئایندە، بڕیاری پێویستیان لەسەر دەدرێت”.