زیلینسکی؛ باخموت لە دڵماندایە



سەرۆکی ئۆکراین، لەدەستدانی شاری باخموتی پشتڕاستکردەوە و دەڵێت؛ باخموت لە دڵماندایە.

 

ڤۆڵۆدمێر زێلێنسکی سەرۆکی ئۆکراین، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢١ – ٥ – ٢٠٢٣ بەر لە کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆ بایدن هاوتا ئەمریکییەکەی لە ژاپۆن، لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا هێشتا باخموت لە ژێر کۆنترۆڵی کیێڤدایە یان نا، وتی: “نا بەڵکو لە دڵماندایە”.

 

پیشتر دامەزرێنەری گروپی ، “ڤاگنەر”ی ڕووسی، یەڤگنی پریگۆزین، ڕایگەیاند، هێزەکانیان کۆنترۆڵی تەواویان بەسەر شاری بەخموت (ئارتیۆمۆڤسک) لە ڕۆژئاوای دۆنباس سەپاندووە.

 

پریگۆزین، لە تۆمارێکی ڤیدیۆیی لە باخموتەوە ڕایگەیاند، “دوا بەشی” شارەکە دەستی بەسەردا گیراوە، دوای ٢٢٤ ڕۆژ لە شەڕکردن.

 

شارەزایانی سەربازیی ڕۆژئاوا، بەتایبەتی ناتۆ و ئەمریکا، چەندین جار داوایان لە ئۆکراین کردووە هێزەکانی لە شارەکە بکشێنێتەوە و ڕادەستی بکات، نەوەک شەڕی ئەو شارە ببێتە هۆیەک بۆ کەمبوونەوەی توانا سەربازیی مرۆیی و ماددییەکانی ئۆکراین..

 

بەپێی بەڵگەنامە دزەپێکراوەکانی پنتاگۆن، ئەمریکا هۆشداری داوەتە ئۆکراین لە ئەگەری گەمارۆدانی هێزەکانی لە ئارتیۆمۆڤسک (باخموت)، هەروەها پێشنیاری کشانەوەی لە شارەکە کردووە و جەختی لەوە کردووە کە “پێشکەوتنی بەردەوامی ڕووسیا ڕەنگە توانای ئۆکراین بۆ پاراستنی شارەکە بخاتە مەترسییەوە” و هێزەکانی سوپای ئۆکراین “ڕەنگە خۆیان لە حاڵێکی دژواردا ببیننەوە ئەگەر لە ماوەی مانگی داهاتوودا نەکشێنەوە”.

 

ڕۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئەمریکی لەمبارەیەوە بڵاویکردووەتەوە، “ئۆکراین لە ماوەی شەڕی باخموتدا زیانێکی زۆری بەرکەوتووە و هەندێک لەو هێزانەی لەدەستدا کە پێویستیان بوو بۆ دەستپێکردنی هێرشی پێچەوانەی بەهارە بە چەکی نوێ کە لەلایەن ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیەوە بۆی دابینکرابوو”.

 

دوو مانگ لەمەوبەر لۆید ئۆستین وەزیری بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاندبوو؛ کە شاری باخموت گرنگییەکی ڕەمزی هەیە نەک سەربازی.

 

باخموت دەکەوێتە باکووری گۆرلۆڤکی لە کۆماری دۆنێتسک، و خاڵێکی پەیوەندی گرنگە بۆ دابینکردنی هێزەکانی سوپای ئۆکراین لە دۆنباس، کە زیاتر لە  شەش مانگە شەڕی توند لە شارەکەدا هەیە.

ئێران، شەش پاسەوانی سنوور کوژران
پێشت ئێران، شەش پاسەوانی سنوور کوژران
عێراق، لەریزبەندی سێیەمی وڵاتانی دابینکاری نەوتدایە بۆ چین
دواتر عێراق، لەریزبەندی سێیەمی وڵاتانی دابینکاری نەوتدایە بۆ چین
ەیوەندیدار