بەبۆنەی کۆنترۆڵکردنی شاری باخموت ڤلادیمێر پوتین پیرۆزبایی لە چەکدارانی ڤاگنەر و سەربازانی رووسیا دەکات
سەرۆکی ڕووسیا، ڤلادیمێر پوتین پیرۆزبایی لە چەکدارانی گرووپی ڤاگنەری ڕووسی و سەربازانی هێزە چەکدارەکانی رووسیا کرد بۆ دەستبەسەرداگرتنی شاری باخموتی رۆژهەڵاتی ئوکراینا.
کرملین سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی شاری باخموت لە ناوچەی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئوکراینا لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە: “ڤلادیمێر پوتین، بەبۆنەی تەواوبوونی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی ئارتیۆمۆڤسک (باخموت)ی ڕووسیا، پیرۆزبایی لە سەربازانی هێزە چەکدارەکانی ڕووسیا و تەواوی چەکدارانی ‘ڤاگنەر’ دەکات کە پاڵپشتیی پێویستیان پێشکەش کرد و باڵەکانیان پاراست”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش خراوەتەڕوو کە مەدالیای دەوڵەت دەبەخشرێتە سەربازە سەرکەوتووەکان.
دامەزرێنەری گرووپی ڤاگنەری ڕووسی، یەڤگێنی پریگۆجین و وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاندبوو کە شاری باخموت -یان بەتەواوی کۆنترۆڵ کردووە.
سەرچاوە؛ AA