بۆ وەستاندنی شەڕ لە ئۆکراینا داوا لە چین دەکرێت فشار بخاتە سەر ڕووسیا


سەرکردەکانی گرووپی حەوت G7 داوایان لە چین کرد، فشار بخاتە سەر ڕووسیا بۆ ئەوەی کۆتایی بە دەستدرێژیەکانی لە ئۆکراینا بهێنێت و بەبێ مەرج هێزەکانی لەو وڵاتەدا بکشێنێتەوە.

لووتکەی سەرکردەکانی گرووپی حەوت G7 لە شاری هیرۆشیمای ژاپۆن لە دووەم ڕۆژی کارەکانیدا لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا داوایان لە چین کرد فشار بخاتە سەر ڕووسیا بۆ ئەوەی کۆتایی بە دەستدرێژیەکانی بهێنێت و دەستبەجێ و بێ مەرج هێزەکانی لە ئۆکراینا بکشێنێتەوە.

هاوکات سەرکردەکان داوایان لە چین کرد لە ڕێگەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئۆکراینا، پاڵپشتی لە ئاشتییەکی هەمەلایەنە و دادپەروەر و بەردەوام بکات.

سەرکردەکان ئاماژەیان بەوە دا کە دەخوازن چین ڕێز لە پێگەی تایوان بگرێت و داوایان کرد چارەسەرێکی ئاشتیانە بۆ پرسی تایوان بدۆزێتەوە.

بە جەختکردنەوە لەسەر گرنگی دامەزراندنی پەیوەندیی دۆستانە لەگەڵ چین و ڕەواندنەوەی نیگەرانییەکان، سەرکردەکان ڕایانگەیاند کە ئامانجیان دامەزراندنی “پەیوەندی بنیاتنەر و سەقامگیر”ە لەگەڵ چین و نایانەوێت “زیان” بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەو وڵاتە بگات.

هاوکات سەرنجیان بۆ پرسەکانی وەک گۆڕانی کەشوهەوا، پێداویستیی دارایی وڵاتان، گرفتەکانی بەردەم تەندروستی جیهانی و سەقامگیریی ئابووری ڕاکێشا و ڕایانگەیاند کە ئەنجامدانی هاوکاری لەگەڵ چین وەک پێویستیەک دەبینن.

بە ئاماژەدان بەوەی کە بە نیگەرانییەوە چاودێری دۆخی رۆژهەڵاتی چین و دەریاکانی باشووری ئەو وڵاتە دەکەن، سەرکردەکان جەختیان لەوە کردەوە کە “بە توندی دژی هەر هەوڵێکی تاکلایەنەن بۆ گۆڕینی دۆخی ئێستا”.

لە ڕاگەیەندراوە هاوبەشەکەدا سەرکردەکانی گرووپی حەوت G7​​​​​​​ نیگەرانی خۆیان لە پێشێلکارییەکانی چین لە بابەتی مافەکانی مرۆڤ بەرامبەر بە ئیدارەی تایبەتی هۆنگ کۆنگ و هەرێمی خۆڕێبەری ئویگوری سینجان و هەرێمی خۆڕێبەری تبت دەربڕی و ڕایانگەیاند: “نامانەوێت و ئامانجیشمان رێگریکردن و زیانگەیاندن بە پێشکەوتن و گەشەسەندنی ئابووری چین نییە”.

سەرکردەکان تشیکیان خستەسەر دۆخی ئەمنی ناوچەی پاسیفیک و “هەڵدانی مووشەکی بالیستیکی نایاسایی” کۆریای باکووریان بۆ ئەو ناوچەیە ئیدانە کرد، داواشیان لە ئیدارەی پیۆنگ یانگ کرد بە تەواوی دەستبەرداری چەک و بەرنامە ئەتۆمییەکانی بێت.

هاوکات سەرکردەکان بەڵێنیان دا هەوڵەکانیان بۆ داماڵینی چەکی ئەتۆمی و بڵاونەکردنەوەی بەهێزتر بکەن.

سەرچاوە؛ AA

لافاو ٣٦ هەزار ئیتاڵی ناچار دەکات ماڵەکانیان بەجێبهێڵن
پێشت لافاو ٣٦ هەزار ئیتاڵی ناچار دەکات ماڵەکانیان بەجێبهێڵن
ڤاگنەر؛ باخموت کۆنترۆڵکراوە، ئۆکراینیەکانیش دەڵێن به‌رده‌وامین له‌ به‌رگرییكردن
دواتر ڤاگنەر؛ باخموت کۆنترۆڵکراوە، ئۆکراینیەکانیش دەڵێن به‌رده‌وامین له‌ به‌رگرییكردن
پەیوەندیدار