سوپای پاسدارانی ئێران ڕایدەگەیەنێت، ئەگەر عێراق حزبە كوردییەكانی “ڕۆژهەڵاتی كوردستان” دەرنەكات، هێرشەكانیان بۆ سەر ئەو وڵاتە بەردەوام دەبێت و فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران دەڵێت: “عێراق پابەندە بە چەككردن و دەركردنی هێز و حزبە كورديەكانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە وڵاتەكەیدا”.
محەمەد پاكپوور، فەرماندەی هێزی زەمینی سوپای پاسداران بە ئاژانسی هەواڵی (تەسنیم)ی ڕاگەیاندووە، “چاوەڕێی ئەوە دەكەین حكومەتی عێراق ئەركەكانی خۆی جێبەجێ بكات و كاتمان پێداون بۆ ئەو كارە و ئەگەر ئەوە نەكەن، ئەوا هێرشەكانی سوپای پاسداران بۆ سەر بنكە و بارەگاكانی ئەو حزبانە بەردەوام دەبێت”.
سەبارەت بەو ماوەیەی، كە بۆ حكومەتی عێراقیان دیاری كردووە بۆ دەركردن و چەككردنی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان وتی، “حكومەتی عێراق خۆی دەزانێت”.
لە چەند مانگی ڕابردوودا و بە تایبەتی لە كاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەكانی ئەم دواییەی ئێران، بنكە و بارەگای حزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە هەرێمی كوردستان “لە كۆیە و سلێمانی” چەندین جار لە لایەن سوپای پاسدارانەوە بە مووشەك و فڕۆكەی بێفڕۆكەوان هێرشی كراوەتە سەر.
ئێران، حزبە كوردییە ئۆپۆزسیۆنەكان تۆمەتبار دەكات بە هاندانی ناڕەزایەتیەكانی دژ بە حكومەت لە ئێران و ناردنی چەك لە ڕێگای قاچاخەوە بۆ ئەو وڵاتە، بەڵام بەردەوام حزبە كوردییەكان ئەو تۆمەتەیان ڕەتكردۆتەوە.