ئەمڕۆ كۆبوونەوەی پەڕلەمانی كوردستان تایبەت بە یاسای كار لەهەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت، پەڕلەمانتارێكیش دەڵێت، ئەو یاسایە گرنگە و تیایدا مافی هەردوو ڕەگەز پارێزراوە.
بەپێی وتەی پەڕلەمانتارێكی كوردستان، لە ئەگەری كەمتەرخەمی و نەپاراستنی مافی كرێكاران خاوەن كار ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە.
باڵانبۆ محەمەد، ئەندامی پەڕلەمانی كوردستان بە(خەڵك)ی ڕاگەیاند، یاسای كار یاسایەكی گرنگە لە هەرێمی كوردستان، چونكە تا ئێستا یاسایەكمان نەبووە بۆ پاراستنی مافی كرێكاران، بەڵكو كار بە یاسای كاری عێراقی كراوە.
دەشڵێت، هەردوو ڕەگەز لەیاسای كاری هەرێم مافیان پارێزراوە و مافەكانیان بەپێی یاسا جێگیر دەكرێت، لەكەمتەرخەمی و نەپاراستنی مافی كرێكاران، خاوەن كار ڕووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە بەپێی جۆری پێشێلكاریەكەی.