هەڤاڵ ئەبوبەکر ڕایگەیاند، کێشەی خزمەتگوزارییەکان سەرچاوەکەی نەبوونی دەسەڵات و داهاتە، خەرجی و داهاتەکان دیارنین.
پارێزگاری سلێمانی هەڤاڵ ئەبوبەکر، لە لێدوانێکدا بۆ (خەڵك) ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، سەرچاوەی کێشە و پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان نەبوونی داهات و دەسەڵاتە لەناو دامەزراوە فەرمییەکاندا.
تا ئێستا یەکێتی و پارتی چەند کۆبوونەوەیەکیان بۆ گەشتن بە ڕێککەوتن ئەنجامداوە، تا کۆتایی بە گرژی و ناکۆکییەکان بهێنن، هەڤاڵ ئەبوبەکر هیوا دەخوازێت ڕێککەوتنی ئەو لایەنە سیاسیانە، کردنەوەی دەرگابێت بۆ چارەسەری کێشەکان.
دەڵێت “کێشەی ئیداریەکان پەیوەستن بە کێشە ئابوورییەکان، کێشە ئابوورییەکانیش پەیوەستن بە کێشەی حوکمڕانی، کێشەی حکومڕانیش پەیوەستە بە کێشەی سیاسی، بە ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکان، دەتوانرێت چارەسەر بۆ هەموو کێشەکان بدزۆرێتەوە”.
پارێزگا مانگانە تەنها ١٠٠ ملیۆنی بۆ پڕۆژەکان لەبەردەستە
لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٣ حکومەتی عێراقی بەشە بودجەی بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەکانی پارێزگاکان بۆ هەرێمی کوردستانیش ناردووە، بەڵام لە ٢٠١٤ ئەو بودجەیە لەگەڵ بودجەی گشتی هەرێمی کوردستان ڕاگیرا.
پارێزگاری سلێمانی باسی کێشەی وەستانی پڕۆژەکان دەکات، هیوادەخوازێت ڕێککەوتنی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی بۆ چارەسەری کێشەی مووچە، ژیانی گشتی هاووڵاتیان و بوژاندنەوەی ئابووری بێت.
لە ساڵی ٢٠١٤ پڕۆژەکانی پارێزگای سلێمانی خاوبوونەوەی بەرچاویان بەخۆیەوە بینیووە، پارێزگا مانگانە دەتوانێت تەنها ١٠٠ ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەکانی پارێزگای سلێمانی دابینبکات
پارێزگاری سلێمانی ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، ئەو بڕە داهاتەی لەبەردەستیانە، پارەی پەرەپێدانی پارێزگاکانی عێراقە کە لە ٢٠٠٩ بۆ ٢٠١٣ ناردوویەتی، ئەوانی هەڵیانگرتووە لە ماوەی ئەم نۆ ساڵەدا بەکاریان هێناوە، ئێستا بڕێکی زۆری کەم لەو پارەیە ماوە.
دەسەڵاتەکان تێکەڵبوون
لەگەڵ ڕاگرتنی فرۆشتنی نەوتی هەرێمی کوردستان، لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق لە مانگی ڕابردوو ڕێککەوتن کرا، تا عێراق بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت.
د، هەڤاڵ گرنگی ڕێککەوتنەکەش بۆ هاووڵاتیان دەبەستێتەوە بە یاسای بودجەی عێراق، دەڵێت “ئەو ڕێککەوتنەی کراوە گرنگە، بەڵام چەند زووتر دەنگدان لەسەر یاسای بودجەی عێراق بکرێت، ئەوەندە خێراتر کێشەکان چارەسەر دەبن”.
بە ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی دادەنێت، پلان و بەرنامەی هەبێت و یاسای بودجە بنێرێتە پەرلەمانی کوردستان، تا بڕی بودجە، داهات و خەرجییەکان دیاربێت، فەرمانگەکان بزانن ئەو داهاتەی لەبەردەستیانە چەندە، دەتوانن چەند بەکاربهێنن، “لەبەر ئەوەی لە ٢٠١٤ نازانرێت داهات و خەرجی چەندە، دەسەڵاتەکان تێکەڵبوون”.