“هەڵبژاردن کاریگەری نەبووە لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک و هیچی نەگۆڕیوە”



31 ساڵ بەسەر دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت، بەڵام بەشێک لەو ڕێکخراوانەی چاودێری کاروبارەکانی پەرلەمان دەکەن دەڵێن خول لە دوای خول ئاستی پەرلەمان پاشەکشەی کردووە و ئەدای لاوازتر بووە.

لە 19/5/1992 بەبەشداری نزیکەی یەک ملیۆن دەنگدەر کە نوێنەرایەتی زیاتر لە 3 ملیۆن و نیو هاوڵاتی دەکرد، هەڵبژاردن بۆ خولی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامدرا و پەرلەمان بەسەرۆکایەتی جەوهەر نامیق سالم پێکهێنرا.

بەپێی راپۆرتێکی ئینستتیوتی پەی کە چاودێری کاروبارەکانی پەرلەمانی کوردستان دەکات، خول لە دوای خول ڕێژەی بەشداریکردنی هاوڵاتییان لە دەنگدان دا کەمیکردووە، بە شێوەیەک لە خولی یەکەمی پەرلەمان دا 85%ی هاوڵاتییان دەنگیانداوە، لە کاتێکدا لە خولەکانی دواتر ڕێژەکە بۆ 75% و کەمترین دابەزیووە.

رەجەب کاکەیی، چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی پێی وایە هۆکاری دابەزینی ئاستی بەشداریکردنی خەڵک لە هەڵبژاردنەکانی هەرێم بێ متمانەییە لەوەی هەڵبژاردن گۆڕانکاری بەدوای خۆیدا ناهێنێت.

رەجەب کاکەیی، بە دەنگی ئەمەریکای وتووە، “هەڵبژاردن کاریگەری نەبووە لەسەر ژیان و گوزەرانی خەڵک و هیچی نەگۆڕیوە. هەموو جارێکیش سەقفی داواکارییەکانی خەڵک بەرز دەکرێتەوە و دەیان بەڵێنیان پێدەدرێت، کەچی دۆخەکە خراپتر دەبێت، تا وایلێهاتووە هەڵبژاردن لەدوای هەڵبژاردن رێژەی بەشداری کردن کەم دەبێتەوە.”

هەر بەپێی راپۆرتەکەی ئینستتیوتی پەی، لە خولەکانی رابردووی پەرلەمانی کوردستاندا ژمارەی ئەو پەرلەمانتارانە زیاتربوون کە پسپۆڕییان لەبوارە جیاجیاکان دا هەبووە، بەراورد بە خولی پێنجەمی پەرلەمان.

بەپێی راپۆرتەکە، لیژنەی دارایی هیچ پسپۆرییەکی ئابووری تێدا نییە، ئەمە جگە لەوەی لیژنەکانی ئەندازیاری و ئاوەدانکردنەوە و شارەوانی پێویستییان بەئەندازیارە، لە کاتێکدا هیچ ئەندامێکی پەرلەمان پسپۆری لەبواری ئەندازیاریدا نییە.

سەرۆکی ئینستتیوتی پەی نموونەی لیژنەی یاسایی و لیژنەی دارایی لە خولی سێیەم و خولی پێنجەمی پەرلەمان هێنایەوە، وتی، “ئەندامانی لیژنەی یاسایی لەخولی سێیەمی پەرلەمان دادوەر و یاساناس بوون، لەکاتێکدا ئەمانەی خولی پێنجەم دەرچووی کۆلێژی یاسان. یان لیژنەی دارایی لە خولی سێیەم سەرۆکەکەی پرۆفیسۆری ئابووری بوو، کەچی سەرۆکی لیژنەی ئابووری لەخولی پێنجەم پسپۆڕی لە ڕاگەیاندن هەیە.”

هەربەپێی راپۆرتەکەی ئینستتیوتی پەی بۆ چاودێری کاروبارەکانی پەرلەمان، خولی سێیەمی پەرلەمانی کوردستان زۆر چالاکتربووە لە خولی پێنجەمی پەرلەمان.

دکتۆر سەروەر عەبدولڕەحمان، سەرۆکی ئینستتیوتی پەی بۆ هەڵبژاردن ، لە بارەی هۆکاری چالاکبوونی خولی سێیەمی پەرلەمان و ناچالاکی خولی پێنجەمی پەرلەمان، بە دەنگی ئەمەریکای وتووە، “لە خولی سێیەمی پەرلەمان بۆ یەکەمجار ئۆپۆزسیۆنێکی کارا هاتە نێو پەرلەمان و پەرلەمانی کاراتر کرد. هەروەها کوالێتی پەرلەمانتارانی خولێ سێیەم لەڕووی پسپۆرییەوە بەرزتربوو تا خولی پێنجەم.”

بەڵام سەرباری ڕەخنەکان، ڕێواز فایەق سەرۆکی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان پێشتر ڕایگەیاندووە پەرلەمان وەک دەزگایەکی یاسادانان و چاودێری کردن، بە لەبەرچاوگرتنی قەیرانەکان، توانیویەتی بە ئەرکی خۆی هەڵبستێت. ئەو ڕەخنەی ئەوە دەگرێت کە بە هۆی کەمی ئەزموونی سیاسی لە هەرێم، ئەندامانی پەرلەمان تا ئێستا نەیانتوانیوە لە ژێر هەژموونی حیزبی دەربچن. لە هەمان کاتدا دەڵێت کە زۆر جار ڕەخنەگران ئەوە لەبەرچاو ناگرن کە پەرلەمان دەستەڵاتی جێبەجێکردنی نییە.

سەرۆکی پەرلەمانی هەرێم لە چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا لە کەناڵی ڕووداو لە ڕێکەوتی 21ی 4، باسی لە یەکێک لە دەستکەوتەکانی خولەکەی کرد و وتی، “یەکێک لە باشترین ڕۆژەکانی خولی پێنجەمی پەرلەمان تێپەڕاندنی یاسای کار و یاسای پەروەردەبووە، لەبەر ئەوەی بە هەردوو یاساکە 350 مادەن و لە سەرجەم خولەکانی پەرلەماندا یەکەمجارە یاسایەک بەو قەبارەیە دەرنەچووە. هەرچەندە سێ خوولی پەرلەمان هەوڵیانداوە یاسای پەروەردە پەسەند بکەن بەڵام نەیانتوانیووە.”

لە راپۆرتەکەی ئینستتیوتی پەی ئاماژەبەوەشدراوە، دەبووایە لە ئێستادا هەشت خولی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردرایە، کەچی پێنج خول هەڵبژێردراوە، بۆیە “پەرلەمان 12 ساڵ و 6 مانگ و 2 رۆژ لەتەمەنی خۆی گەورەترە.”

رەجەب کاکەیی، چالاکوانی کۆمەڵی مەدەنی، دەڵێت، “کەمی ژمارەی خولەکانی پەرلەمان کە 5 خولە، لەکاتێکدا دەبوو 8 خول بایە. بەشێکی شەڕی نێوان حزبەکان و بەشەکەی تریش حزبەکان بە ویستی خۆیان هەڵبژاردن ئەنجام دەدەن، نەک هەر چوارساڵ جارێک وەکو نەریتە یاساییەکە ئەنجام بدرێت.”

زانیاری لەسەر مۆتۆرۆلای نوێ ئاشکراکرا
پێشت زانیاری لەسەر مۆتۆرۆلای نوێ ئاشکراکرا
چەند بڕیارێكی نوێ بۆ تاکسی دەرکرا
دواتر چەند بڕیارێكی نوێ بۆ تاکسی دەرکرا
ەیوەندیدار