فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان داوای گەڕاندنەوەی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران دەکات، کە حکومەتی هەرێم لە ساڵی 2016 ەوە بەهۆی قەیرانی داراییەوە ڕایگرتووە و جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتیش دەڵێت: “هیچ پاساوێک نییە بۆ دواخستنی پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران لەکاتێکدا هی پلەباڵاکان بەرزدەکرێتەوە”.
لوقمان وەردی، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بە سایتی فەرمی حزبەكەی ڕاگەیاندووە، “پلەبەرزکردنەوەی فەرمانبەران مافێکی یاساییە و دەبێت هەر چوار ساڵ جارێک پلە و ناونیشانی فەرمانبەر بەرزبکرێتەوە، بۆیە دوێنێ وەک فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان داوامانکرد پلەبەرزکردنەوە بگەڕێتەوە بۆ فەرمانبەران و هەقیان بۆ بکرێتەوە”.
ڕاشیگەیاندووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2016 ەوە پلەبەرزکردنەوەی ڕاگرتووە، بەڵام لەسەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران و پەرلەمانیش کراوە و ئەمەش نادادپەروەرییە.
جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی دەشڵێت: “هیچ پاساوێک نییە بۆ دواخستنی پلەبەرزکردنەوەیان و مافی خۆیانە و هیچ یاسایەک ئەمە قبوڵ ناکات و گرێبەستی نێوان فەرمانبەر و حکومەتە و دەبێت پێوەی پابەند بن”.
ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێم بەپێی سیستمی بایۆمەتری (یەك ملیۆن و 249 هەزار و 481) مووچەخۆرە و لەو ژمارەیەش (483 هەزار) مووچەخۆری مەدەنییە، كە حكومەتی هەرێم پلەبەرزكردنەوەی ڕاگرتوون.