خەڵك؛ وردەكاری شەپۆلێكی بارانی بەخوڕ و ڕوودانی لافاو و هەورەتریشقە بڵاودەكاتەوە


بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، شەپۆلێكی ناجێگیری كەشوهەوا ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە و بەتایبەتیش لە ڕۆژی هەینییەوە تا یەك شەممە بەردەوام دەبێت و لە هەندێك كات و ناوچەدا بەهۆی لێزمە بارانەوە ئەگەری ڕوودانی لافاو هەیە و شارەزایەكی كەشناسی دەڵێت: “هەورەتریشقەی ئەم كاتانە مەترسیدارترن”.

ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی بۆ (خەڵك) ڕایگەیاند، لە ئەنجامی گەیشتنی بارستە ھەوایەكی شێدار و گەرم بەناوچەكانمان و بوونی ھەوای سارد لە چینەكانی سەرەوەی بەرگەھەوادا لەسبەی ھەینیەوە تا ڕۆژی یەك شەممە كەشی ھەرێمی كوردستان ناجێگیر ئەبێت و سەرەتاش سبەی ھەینی ئاسمان بە زۆری دەگۆرێت بۆ نیمچە ھەور لەگەڵ چالاكبوونی ناوبەناوی با بەخێرای ١٥ تا ٣٠كم و ئاراستەی با لەگۆڕاندا ئەبێت.

وتیشی، “لەكاتەكانی دوای نیوەڕۆ بەگشتی ئەگەری چربوونەوەی ھەور لەھەندێ ناوچەدا ئەبێت بە تاوە بارانی كورت خایان و بوونی هەورەتریشقە پاشان لەكاتەكانی شەودا ئەگەرەكان بۆ بارانبارین لەسەرجەم ناوچەكاندا زیاددەكات تا ئێوارەی ڕۆژی شەممە ٢٠-٥-٢٠٢٣ لەم مەودایەدا ناوبەناو ئەگەری چالاكبوونی ھەورە تریشقەی بەھێز و تاوە بارانی بەخوڕ ئەبێت، كە بەشێوەیەكی گشتی رێژەی دابارین بەگوێرەی شوێن و ناوچەكان دیاری كراو نابێت كەم تا زۆر ئەگەر كراوەیە لە ٥ تا زیاتر لە ٥٠ ملم، كە لەوانەیە لەھەندێ شوێندا تاوە بارانەكان بەھێز و خێرا چالاك ببێت لەماوەیەكی كەمدا ببێتە ھۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو، كە ئەمەش تایبەتمەندی ئەم جۆرە حاڵەتانەیە”.

ڕاشیگەیاند، لە ڕۆژی یەك شەممەش ٢١-٥-٢٠٢٣ لەھەندێ ناوچەدا بەتایبەت سنوری ڕۆژھەڵاتی ھەرێم تاوە بارانی ناوبەناو و ھەورە تریشقە تا كاتەكانی ئێوارە بەردەوامی ئەبێت و دواتر كۆتایی پێدێت .

ئاماژەی بەوەشكرد، پلەكانی گەرما بەراورد بە ئەمڕۆ و سبەی لە ڕۆژانی شەممە و یەك شەممە بەھۆی بارانبارینەوە لەسەرجەم ناوچەكان بەرێژەی ٥ تا ٨ پلە نزمدەبنەوە .

ئاراس جەبار ڕوونیشی كردەوە، كاریگەری ئەم ناسەقامگیریەدا ھەورە تریشقەی بەھێز چالاك دەبێت كە ھەورە تریشقەی ئەم كاتانە مەترسیدارترە لەسەرجەم كاتەكانی دیكە، بۆیە داوا لە ھاووڵاتیان ئەكەین لە كاتی ھەستكردن بەنزیكی ھەورە تریشقە لەشوێنی بەرز لە دار و درەخت و ئەو ھۆكارانە دووربكەونەوە، كە گەیەنەرێكی بەھێزن بۆ ڕاكێشانی هەورە تریشقە و خاڵیبوونەوەی تیایدا .

بلاسخارت: لەبەرناوبانگی هەرێم دەبێت حزبەكان بەرژەوەندی خەڵك پێشبخەن
پێشت بلاسخارت: لەبەرناوبانگی هەرێم دەبێت حزبەكان بەرژەوەندی خەڵك پێشبخەن
“توركیا ڕێگە بە دووبارە هەناردەی نەوتی هەرێم نادات”
دواتر “توركیا ڕێگە بە دووبارە هەناردەی نەوتی هەرێم نادات”
پەیوەندیدار