لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق لەپێناو کەمکردنەوەی کورتهێنان، پێشنیاری دانانەوەی باج لەسەر کارتی مۆبایل دەکات.
شەش مانگ پێش ئێستا حکومەتی عێراق زیادکردنی باجی لەسەر کارتی مۆبایل هەڵگرت، بەڵام ئێستا بەهۆی کورتهێنانی بودجە داوای دانانەوەی باجەکە دەکرێت.
لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕاپۆرتی کۆتایی لەبارەی پڕۆژە یاسای بودجە ئامادەدەکات، سەعد عەواد، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی زمانحاڵی حکومەتی ڕاگەیاندووە، کە چەند پێشنیازێکیان بۆ کەمکردنەوەی کورهێنانی ٦٣ ترلیۆنەکەی بودجە خستووەتەڕوو، یەکێک لە پێشنیارەکان دووبارە دانانەوەی باجە لەسەر کارتی مۆبایل، کە ماوەی شەش مانگە ئەو بڕیارە هەڵوەشێندراوەتەوە.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دارایی ئاماژەی بۆ ئەوەشکردووە، لیژنەکە پێشنیازەکەی کردووە، بەڵام بڕیاری کۆتایی لە دەستی پەرلەمانتاراندایە، کە ئایا دەنگ بە پێشنیازەکە دەدەن یاخود نا.