سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، هەڵبژاردن رەهەندێكی نیشتمانی هەیە و پێویستە لەگەڵ لایەنەكان سازانی لەسەر بكرێت، دەشڵێت:” دڵنیاین بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن هەموو كێشەكان چارەسەر دەكەین و هەموو بیركردنەوەیەكیشمان سەركەوتنی هەرێمەكەمانە نەوەك بەرژەوەندییە حزبییەكان”.
ئەمڕۆ چوارشەممە، بافڵ جەلال تاڵەبانی، سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لە دەباشان لەگەڵ رۆزی كەیڤ، كونسوڵی گشتیی بەریتانیا لە هەرێم کۆبووەوە و دوایین گۆڕانكارییە سیاسییەكانی هەرێم و هەنگاوەكان بۆ چارەسەركردنی یەكجارەكی كێشەكان گفتوگۆیان لەبارەوە كرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بە سەرخستنی هەوڵە نیشتمانییەكان كرد بۆ هێنانەكایەی سەقامگیری لە بوارە جیاوازەكان و هەنگاوەكانی حكومەت بۆ خزمەتكردنی خەڵك و رایگەیاند، كاری پێكەوەیی و دیدگای هاوبەش سەبارەت بە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەكان، فاكتەری بەدیهێنانی ئامانجە باڵاكان و دەستبەركردنی ژیانێكی سەقامگیرە بۆ خەڵكەكەمان.
لە بارەی پرسی هەڵبژاردنیشەوە سەرۆكی یەكێتی وتی:” ئەم پرسە رەهەندێكی نیشتمانی هەیە و پێویستە لەگەڵ لایەنەكان سازانی لەسەر بكرێت، دڵنیاین بە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن هەموو كێشەكان چارەسەر دەكەین و هەموو بیركردنەوەیەكیشمان سەركەوتنی هەرێمەكەمانە نەوەك بەرژەوەندییە حزبییەكان”.