مووچەی خانەنشینی بۆ كەرتی تایبەت دیاریكرا


وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی عێراق كەمترین مووچەی كارمەندان و كرێكاران بەپێی یاسای بیمەی كۆمەڵایەتی ئاشكرادەكات و لیژنەی كاری پەرلەمانیش دەڵێت: “یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران یەكێك دەبێت لە گرنگترین یاساكان”.

ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی عێراق ڕایگەیاند، بەگوێرەی یاسای پەسەندکراوی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران کەمترین بڕی موچەی خانەنشینانی کرێکار 500 هەزار دەبێت.

حسێن عەرەب، سەرۆكی لیژنەی كار و ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی بۆ ئاژانسی فەرمی (العراقیە) ڕایگەیاندووە، یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی کرێکاران یەكێك دەبێت لە گرنگترین یاساكان، كە ئەمڕۆ پەسەند كرا و حكومەت و پەرلەمان گرنگییەكەی تایبەتی پێ‌ دەدەن.

ڕاشیگەیاندووە، شێوازی هەژمار كردنی خانەنشینی لە كەرتی تایبەتی ڕێكخراو بەپێی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتی بەجۆرێكە، كە 5%ی لە مووچەی فەرمانبەرەكە (كارمەند) دەدرێت و 12%ی لەلایەن خاوەن كارەوە دەدرێت و 8%ی لەلایەن حكومەتەوە دەدرێت و بەوەش دەبێتە 25%ی مووچەی كارمەندەكە.

ڕوونیشی كردەوە، سەبارەت بە مووچەی خانەنشینی لە كەرتی تایبەتی ناڕێكخراو 5%ی لەلایەن (كرێكار)ەوە دەدرێت و 15%ی لەلایەن حكومەتەوە دەدرێت و ئەوەش دەكاتە 25% و ئەو ڕێژەیەش هاندانێكە بۆ كەرتی تایبەت تاوەكو بیمەیەك بێت بۆ كرێكار و خێزانەكە و تەنانەت وەرەسەكەشی.

وتوشیەتی، “بەرزترین ڕێژەی خزمەت 63 ساڵە و كەمترینی 15 ساڵە و ماوەی ناوەڕاستی خزمەت بە 20 بۆ 55 ساڵ دیاری كراوە و هەروەها یاساكە تایبەتمەندی داوە بە ژنان و بەتایبەتیش ئەو ژنانەی سكپڕن یان نەخۆشن، كە خزمەتی خانەنشینییان بۆ هەژمار دەكرێت بەڕێژەی یەك لەسەر سێ‌”.

ئاشكراشی كردووە، مووچەی خانەنشینی دیاری دەكرێت لەسەر بنەمای مووچەی ناوەڕاستی دوایین 5 ساڵی خزمەتی و لێك دەدرێت لەگەڵ ساڵانی خزمەتی بە مانگ تاوەكو مافی فەرمانبەران و كرێكارانی پێشوو بدرێت.

سەرۆكی لیژنەی كاری پەرلەمان جەختیشی كردۆتەوە، ئەو یاسایە باشترین یاسا دەبێت بۆ پاراستنی شكۆی هاووڵاتی عێراقی.

ئاسایشی سلێمانی دەست بەسەر 120 كیلۆ ماددەی هۆشبەردا دەگرێت
پێشت ئاسایشی سلێمانی دەست بەسەر 120 كیلۆ ماددەی هۆشبەردا دەگرێت
مه‌سرور بارزانی 200 ملیۆن دیناری بۆ نه‌خۆشی هه‌وكردنی په‌رده‌ی مێشك ته‌رخان كرد
دواتر مه‌سرور بارزانی 200 ملیۆن دیناری بۆ نه‌خۆشی هه‌وكردنی په‌رده‌ی مێشك ته‌رخان كرد
پەیوەندیدار