وەزارەتی دارایی عێراق ڕایدەگەیەنێت، كە سەرجەم فەرمانگە حكومییەكان و کۆمپانیا ئەهلییەکان دەبێت پابەندبن بە بەکارهێنانی ئامێری پارەدانی ئەلیکترۆنی لە پڕۆسەی وەرگرتنی پارەدا.
دوابەدوای بڕیاری حكومەتی عێراق و بانكی ناوەندی بۆ هەرزان كردنی نرخی دۆلار بۆ 130 هەزار دینار و كۆنتڕۆڵ كردنی دۆلار و ڕێگری لە بردنەدەرەوەی، حكومەتی عێراق بڕیاریدا لە مامەڵەی ناوخۆیی دینار بەكاربهێنرێت و سەرجەم فەرمانگە و كۆمپانیا ئەهلییەكان و ماركێت و بەنزیخانە و شوێنەكان ئامێری پارەدانی ئەلیكترۆنی دابنێن، كە تیایدا دۆلار بە نرخی فەرمی حكومی هەژمار دەكرێت.
وەزارەتی دارایی عێراق لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، بریکاری وەزیری دارایی و سەرۆکی لیژنەی پارەدانی ئەلیکترۆنی لەگەڵ کۆمەڵێک بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیەکان و بانکەکان کۆبوونەوە و جەختكراوەتەوە، كە پابەندبن بە بەکارهێنانی ئامێری پارەدانی ئەلیکترۆنی.
بریکاری وەزارەتی دارایی ڕایگەیاندووە، سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە بواری چالاکی ئابووری و هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوە و بەقاچاغبردنی پارە هاوکار دەبێت و پێویستە هەموو دەستە و کۆمپانیاکانی سەر بە حکومەتی عێراق یان هەر دامەزراوەیەک، کە پەیوەندی بە وەرگرتنی پارەوە هەبێت پابەند بێت بە بەکارهێنانی سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی.
جەختیشی كردۆتەوە، ڕێكارەكان بەردەوامە بۆ ئەوەی هەموو ئاسانکارییە پێویستەکان بۆ پێدانی ئامێری پارەدانی ئەلیکترۆنی بە دامەزراوەکانی دەوڵەت و کەرتی تایبەت بە خۆرایی و بەبێ سوود بێت.
پێشتریش وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی لە چەند بەنزینخانەیەکی بەغدا تاقیکراوەتەوە و بەم زووانە لە تەواوی بەغدای پایتەخت و سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عێراق سیستەمی پارەدانی ئەلیکترۆنی دابین دەکرێت.