وەزارەتی بازرگانی عێراق ئاشكرای دەكات، بەشەخۆراکی ئەو فەرمانبەران مووچەیان لەسەرووی ٢ ملیۆن دینارەوەیە دەبڕدرێت و پسووڵەی خۆراکیان ڕادەگیرێت و دەشڵێت: “بازرگان و خاوەن كۆمپانیاكانیش دەگرێتەوە”.
محەمەد حەنون، وتەبێژی وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ میدیا عێراقییەكان ڕایگەیاندووە، بڕیاری راگرتنی پسووڵەی بەشەخۆراك، تەنیا ئەو فەرمانبەر و كارمەندانە دەگرێتەوە، كە مووچەكانیان لە ٢ ملیۆن دینار و زیاترە.
ڕاشیگەیاندووە، وەزارەتی بازرگانی نووسراوی بۆ سەرجەم وەزارەتەكان كردووە و وەڵامیان وەرگرتۆتەوە بۆئەوەی دەست بكەن بە جێبەجێكردنی ئەم بڕیارە.
ئاشكراشی كرد،، بڕیاری بڕینی بەشەخۆراك، هەموو ئەو بازرگان و خاوەن كۆمپانیایانەش دەگرێتەوە، كە ناویان تۆمارە، هەروەها ئەو ئەندازیار و پزیشكان و دەرمانسازانەش دەگرێتەوە، كە كۆمپانیا یاخود دەرمانخانەیان هەیە.