وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاشكرای دەكات، لەسلێمانی چیتر کێشە بۆ دابەشکردنی مووچە دروست نابێت.
دوابەدوای كۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و قوباد تاڵەبانی لە هەفتەی ڕابردوودا و ڕێككەوتن بۆ كۆتایی هێنان بە كێشەكان، ڕۆژی یەك شەممەی ئەم هەفتەیە ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێم كۆبووەوە و تیمی وزاری یەكێتی گەڕایەوە ناو كۆبوونەوەكان و تیایدا بڕیار درا، دابەشكردنی مووچە و خەرجی بكرێتە سیادی و ئەولەویەتی خەرجییەكان بێت و بڕیاریش درا كۆكردنەوەی داهات بكرێتە مەركەزی و سەرجەم داهاتەكان بگەڕێنرێنەوە ناو سندوقی وەزارەتی دارایی هەرێم.
کوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتی هەرێم ئاماژەی بەوەکردووە، لەمەوبەدوا بەگوێرەی ژمارەی دانیشتووان، داهاتی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دابەش دەکرێتەوە.
وتیشی، “چیتر کێشەی دابەشکردنی مووچە لە پارێزگای سلێمانی نامێنێت و ھاوشێوەی پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک بەپێی خشتەی وەزارەتی دارایی مووچە دابەشدەکرێت”.
ئەو وەزیرە ئاماژەی بەوەشكردووە، سەرجەم ئەو بڕیارانە لەکۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیران دراون و بەکۆی دەنگ پەسەند کراون.
لەماوەی زیاتر لە ساڵێكدا، چەند جارێك “بەهۆی كەمی داهاتەوە” وەك بەرپرسان دەڵێن، كێشە بۆ دابەشكردنی مووچە لە سلێمانی دروست دەبوو، بەهۆی ئەوەی پارە لە بانكەكاندا نەدەما و هۆكاری ئەوەش دەگەڕێنرایەوە بۆ ئەوەی، كە داهاتی سلێمانی بەشی تەواوكاری مووچە ناكات.