وەزارەتی كشتوكاڵ سەرچاوەكانی ئاو، بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت، ئامێر و كەلوپەلی كشتوكاڵی بە قیستی درێژخایەن بۆ جوتیاران دابین دەكات و لەوبارەیەوەش چەند بڕیارێكی دەركرد.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حكومەتی هەرێم بڵاویكردەوە، وەزارەتی كشتوكاڵ سەرچاوەكانی ئاو، بە هەماهەنگی لەگەڵ كۆمپانیایەكی كەرتی تایبەت، ئامێر و كەلوپەلی كشتوكاڵی بە قیستی درێژخایەن بۆ جوتیاران دابین دەكات.
دەقی بڕیارەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ:
یەكەم: ئەو كۆمپانیایەی، كە لە پارێزگای سلێمانی ئامێر و كەلوپەلەكان دابین دەكات، لقی لەو سنوورە نییە و كۆمپانیاكە لەگەڵ بەرێوەبەرایەتییە گشتییەكانی كشتوكاڵیی سلێمانی، گەرمیان، ڕاپەرین هەماهەنگی دەكات و زنجیرەیەك سیمینار دەكات و زانیاریی بەكارهێنانی ئامێر و كەلوپەلەكان بە جوتیاران دەدات.
دووەم: بە هیچ جۆرێك سوو ناچێتە سەر بڕی ئەو قیستەی، كە جوتیارەكان بە بانكی دەدەن، لەبەرئەوەی بانكێكی ئیسلامییە و ڕێككەوتن كراوە، كە سوو نەخرێتە سەر كڕینی ئامێرەكان.
سێیەم: ئەم جوتیارانەی ناوی خۆیان لە فەرمانگەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ تۆمار كردووە، دەتوانن لەدوای ئەنجامدانی ئەو سیمینارانە بە بەرچاوڕوونی زیاترەوە نووسراو وەربگرن لە بەرێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵیی پارێزگاكان و ئاراستەی بەرێوەبەرایەتیی گرێبەستەكان لە دیوانی وەزارەت بكرێت، تاوەكو كارەكانیان بۆ تەواو بكرێت لەگەڵ كۆمپانیاكە.
چوارەم: ئەو ئامێرەی بڕیارە بۆ جوتیاران دابین بكرێت لە وڵاتی ئیتالیاوە هێنراوە و بۆ هەر سێ بەرێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵیی سلێمانی، گەرمیان و راپەرین نموونەیەكی ئامادە دەكرێت و نیشانی جوتیاران دەدرێت بۆ ئەوەی ئاشنایەتیی زیاتریان لەبارەی ئامێرەكانەوە هەبێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، دابینكردنی ئامێر و كەلوپەلی مۆدێرنی كشتوكاڵی، ئاودێریی و ئاژەڵداریی، هەنگاوێكی گرنگیی وەزارەتی كشتوكاڵە و بە هەماهەنگیی كەرتی تایبەت، بەشێوازی قیستی درێژخایەن وەك سەرچاوەیەكی هاندان و بووژانەوەی ژێرخانی ئابووریی سێكتەری كشتوكاڵ، بە جوتیاران دەدرێت.