ئەنجوومەنی وەزیران چەند بڕیارێكی بۆ داهات و مووچە دەركرد



ئەمڕۆ یەك شەممە 5/14، بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

بەپێی ڕاگەیەنراوێكی حكومەتی هەرێم، لەدەستپێكی كۆبوونەوەكەدا، سەرۆك وەزیران، خۆشحاڵی خۆی بە گەڕانەوەی تیمی وەزاری یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ كۆبوونەوەكانی ئەنجومەنی وەزیران دەربڕی.

سەرۆك وەزیران هەروەها بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پشتیوانی حكومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ دەستپێشخەری و پەیامەكەی مەسعود بارزانی بۆ ئاشتەوایی نیشتمانیی دووپات كردەوە و جەختی لە هاوهەڵوێستی و یەكگرتوویی لایەنە كوردستانییەكان كردەوە لە پێناو داكۆكیكردن لە بەرژەوەندییە نیشتمانییەكان .

بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی دوا پێشهاتەكانی دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی ڕێككەوتنی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی لە 2023/4/4 كە لەلایەن سەرۆك وەزیرانەوە خرایەڕوو.

سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوە دا، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان، هەموو پابەندییەكانی خۆی لە چوارچێوەی ڕێككەوتنەكە جێبەجێ كردووە و ئێستا چاوەڕێی حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی توركیایە بگەنە ڕێككەوتنی كۆتایی بۆ دووبارە دەستپێكردنی هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان ، لەهەمانكاتدا پێویستە حكومەتی فیدراڵیش، بڕە بودجەی پێویست بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بۆ حكومەتی هەرێم بنێرێت تا ئەوكاتەی پڕۆژە یاسای بودجەی فیدراڵ پەسەند دەكرێت و ماف و شایستە داراییەكانی هەرێم لە چوارچێوەی بودجەی فیدراڵ دابین دەكرێت.

لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لەبارەی پڕۆژەی (ڕێكخستنەوەی دارایی گشتی لە هەرێمی كوردستان) كرا. پاش گفتوگۆ كردن، ئەنجومەنی وەزیران بە كۆی دەنگ بڕیاریدا؛ ڕێكخستنەوەی دارایی گشتی لە سەرتاسەری هەرێم، لە ڕێگای (بەناوەندیی كردنی داهات و سیولە و خەرجی و مووچە) بێت، بۆ ئەو مەبەستەش، بڕیاردرا، بە ڕێكخستنەوەی سەرجەم سەرچاوەكانی داهات لە بانكەكان و گەنجینەكان و دەرواز سنوورییەكان و بەڕێوەبەرایەتیەكانی باج و ڕسومات بە مەبەستی پاراستنی داهاتی گشتی و هەروەها بەیەكەوەبەستنیان لە ڕێگەی سیستەمێكی ئەلكترۆنی.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، بڕیاردرا؛ ئەولەویەت لە خەرجییەكان بدرێت بە مووچە وەك خەرجی سیادی لەسەرتاسەری هەرێم ، بۆ خەرجیەكانی دیكەی جگە لە مووچەش، پێویستە بە میكانیزم وڕێكاریی گونجاو و بە شێوازێكی دادپەروەرانە لەسەر بنەمای ژمارەی دانیشتووانی هەر پارێزگا وئیدارەیەكی سەربەخۆ، خەرجییەكان ئەنجام بدرێت. بۆ مسۆگەركردنی جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانەش، سەرۆك و جێگری سەرۆك وەزیران ، سەرپشك كران بۆ دانانی میكانیزمی پێویست بۆ پشتیوانی وەزارەت و لایەنە ڕاسپێردراوەكان بۆ جێبەجێكردنی ئەم بڕیارانە.

لــە تــەوەرێــكی دیــكەدا، لــەبــارەی كــێشە ئــەمــنییەكــان، ئــەنــجومــەنــی وەزیــران بــڕیــاریــدا، لێكۆڵینەوەیەكی هاوبەش لە ڕێی لــیژنــەیــەكــی تــایــبەتــمەنــد لە دەزگا پەیوەندیدارەكان ئەنجام بدرێت، ســەبــارەت بــە دۆســیە ئــەمــنییەكــان بــەگشــتی دوور لـــە دەســـتێوردانـــی ســـیاســـی. دواتـــر ڕێكاری یاسایی پێویست بگیرێتەبەر.

بڕگەی سێیەم و كۆتایی، خستنەڕووی ڕاپۆرتێكی وەزارەتی ناوخۆ بوو سەبارەت بە وەڵامدانەوەی ئەو هەڵسەنگاندنی نیشتمانییەی لەلایەن حكومەتی فیدراڵی ئەنجامدراوە بۆ مەترسییەكانی (شووشتنەوەی مایە و مایەداركردنی تیرۆر لە عێراق) كە لەلایەن ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ خرایەڕوو.

ئەنجومەنی وەزیران، وێڕای دەستخۆشی لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ هەوڵ و ڕێكار و هەنگاوەكانیان بۆ ڕووبەڕوبونەوەی مەترسییەكانی شووشتنەوەی مایە و مایەداركردنی تیرۆر، بۆ ئەو مەبەستەش تاوەكوو داڕشتنەوەی چوارچێوەی یاسایی نوێ لە هەرێم بۆ ئەم بابەتە، ئەنجومەنی وەزیران وەزارەت و دامەزراوە پەیوەندیدارەكانی هەرێمی ڕاسپارد، كە بەردەوام بن لە هەماهەنگی وبەیەكەوەكاركردن لەگەڵ دامەزراوە هاوتاكانیان لە حكومەتی فیدڕاڵیی و دامەزراوە جیهانیەكانیش بۆ ئەم بابەتە كە كێشەیەكی نێودەوڵەتییە، هەروەها ئەنجومەنی وەزیران جەختی كردەوە، لە پابەندیی هەرێم بە ڕێكارەكانی ڕووبەڕوبونەوەی مەترسییەكانی شووشتنەوەی مایە و مایەداركردنی تیرۆر.

دەنگدان لە توركیا كۆتایی هات و جیاكردنەوەی دەنگەكان دەستی پێكرد
پێت دەنگدان لە توركیا كۆتایی هات و جیاكردنەوەی دەنگەكان دەستی پێكرد
حكومەتی هەرێم شێوازی دابەشكردنی مووچە دەگۆڕێت
دوات حكومەتی هەرێم شێوازی دابەشكردنی مووچە دەگۆڕێت
پەیوەنیدر