وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ شەممە ١٣ – ٥ – ٢٠٢٣ لە “دیداری بوژاندنەوەی کەرتی ئاژەڵداری” راگەیاند، “ئاستی بەرهەمهێنانی کێڵگە پەلەوەریەکان لە ئاستێکی زۆر باشدایە، خاوەنی دوو هەزار و ٢٣٥ پڕۆژەی پەلەوەرین لە گۆشتەوە تا دەگاتە هێلکە.
بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم، دەڵێت؛ ئاستی بەرهەمەکانمان لە بواری کێڵگە پەلەوەرییەکان زۆر باشە و لە چەند رۆژی رابردوشدا لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق گەیشتوینەتە رێککەوتنێک و لیژنەیەکی هاوبەشمان پێکهێناوە کە بریکاری وەزیری وەزارەتی بازرگانی عێراق سەرپەرشتی دەکات، بۆ نەهیشتنی ئەو ئاستەنگانەی ساڵانە لەم بوارەدا دێتەرێمان.
وتیشی؛ تایبەت بە بەروبوومی پڕۆژەی کێڵگە پەلەوەریەکان بۆ ناوەڕاست و خواروی عێراق، پشت بەخوا ئەو کێشانەی لە رابردودا هەمان بووە نایانهێڵن.
بێگەرد تاڵەبانی باسی لەوەشکرد، “ماوەی سێ ساڵ و شەش مانگە لە وەزارەتی کشتوکاڵ کاردەکەم تا ئێستا یەک مۆڵەتم نەداوە بۆ هاوردەکردنی هێلکە یاخود مریشک، من پشت بە پڕۆژەکانی خۆمان دەبەستم.
دەشڵێت؛ کوالێتی پڕۆژە ناوخۆییەکان زۆر بەرزە و لەژێر چاودێری حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرهەمەکانیان دەخەنە بازاڕەوە، بۆیە پاڵپشتی پڕۆژەکانی خۆمان دەکەم”.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی، ئەوان سەرەتای دەستبەکاربوونیان وەکو وەزیری کشتوکاڵ، هەموو ئاسانکارییەکیان کردووە بۆ ئەوەی مامەڵەکانی جووتیار و خاوەن پڕۆژەکان زوو تەواو بکرێن، بۆ ئەو مەبەستەش دەسەڵاتییەکانیان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پارێزگاکان و یەکە کارگێرییەکانی دیکە شوورکردووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشکرد، سەراڕای ئەو هەنگاوانەی گرتوویانەتەبەر و دەرچوواندنی یاسای نوێ، “رێنماییەکانی وەزارەتمان هەمووی هەموارکردەوە” و هەموارکردنەوەی رێنماییەکانی وەزارەت، هەنگاوێکی گەورەبوو بۆ ئەوەی بتوانن کارئاسانی بۆ ئەو جووتیارانە بکەن کە دەیانەوێت لە بواری کشتوکاڵدا کاربکەن.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێم ئەوەشی خستەڕوو، دوای ئەوەی هەستیان بەوەکردووە، بۆشاییەک هەیە لە نێوان خۆیان و خاوەنی پڕۆژەکانی پەلەوەر، بڕیاریاندا بە دامەزراندنی “ئەنجوومەنی باڵای پیشەسازی پەلەوەر” و ئەو ئەنجوومەنە “ئەنجوومەنی ئاوێتەبوونی حکومەتە لەگەڵ خاوەنی پڕۆژە پەلەوەرییەکان” و لەو ئەنجوومەنەدا بیڕورا لەبارەی چۆنییەتی بەڕێکردنی کاروبارەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن.